ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌ی هه‌ردووی سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح و جۆ بایدن ئاشكرا كرا

عێراق
05:55 - 2021-09-22


د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەچوارچێوەی کۆبونەوەی خولی 76هەمینی نەتەوە یەکگرتوەکان لەنیویۆرک کۆبونەوە، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لەبارەی کۆبونەوەکە رایگەیاند، گفتوگۆ لەبارەی هەوڵەکانی ھێنانەئارای ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکە و بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگەکان کراوە.
 
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە پەراوێزی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیویۆرک لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبوەوە و سەبارەت بە دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیھان گفتوگۆکراوە.
 
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕو، لەو کۆبونەوەیەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و رێکارەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەبوارە جیاجیاکاندا لەچوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان هەردو وڵات، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و پشتیوانیی لە رێکخستنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە شێوەیەکی دادپەروەری دوور لە ساختەکاری، ھەروەھا جەختکرایەوە لەگرنگی ریشەکێشکردنی تیرۆر و توندڕەوی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا.
 
لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک كۆمار دوپاتیکردەوە ، عێراق بە گرنگییەوە دەروانێتە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی لە رووی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و ژینگەیی و فەرهەنگی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و لەچوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان هەردو وڵات.
 
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، د. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌وه‌شیخستوه‌ته‌ڕو، عێراق کاردەکات بەئاڕاستەی پەیوەندییە دیپلۆماسییە ھاوسەنگەکانی بۆ پشتیوانیکردن لەچارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتاییھێنان بە قەیرانەکان و کەمکردنەوەی بارگرژییەکان، ھاوکات باسی لە رۆڵی گرنگی عێراق کردوه‌ بۆ ھێنانەئاراوەی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا، ھەروەھا بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و پاراستنی ژینگە.
 
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق باسی لەوەشكردوە، لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک جۆ بایدن پێشکەوتنەکانی عێراقی بەرزنرخاند روەو پاراستنی سەقامگیری و هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە، ھەروەھا پشتیوانی ئەمریکای دوپاتکردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراق و روبەڕوبونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی ئابوری، ھاوکات جەختیکردەوە لە پێویستی کار و ھەماھەنگی ھاوبەش لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی لە سەرجەم بوارە جیاجیاکاندا، لە پێناو بەرژەوەندی ھەردو وڵات و گەلی دۆستدا.

هه‌ر له‌ باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ی هه‌ردوو سه‌رۆك، کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر پابەندبوونی ئەمەریکا بە سەقامگیریی درێژخایەن لە عێراقدا.  
 
  
کۆشکی سپی له‌  راگەیەنراوێکیدا ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردوه‌،  بایدن لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیویۆرک لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە. پـێکەوە تاوتوێی پتەوکردنی پەیوەندیـیە دووقۆڵیـیەکان و چڕکردنی هاوکاریـیەکانیان کردەوە لە دەستپـێشخەریـیە دیپـلۆماسیـیە هەرێمیـیەکاندا.  
  
باسی له‌وه‌شكردوه‌ كه‌، بایدن جەختیكردوه‌ته‌وه‌، له‌ پابەندبوونی ئەمەریکا بە سەقامگیریی درێژخایەن لە عێراقدا.
 هەردووسه‌رۆك ڕێزی خۆیان دووپاتکردوەته‌وە بۆ دیموکراسی لە عێراق و سەروەری یاسا و هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی متمانەپـێکراو و شەفاف لە مانگی داهاتودا.  
  
بایدن ستایشی دەستپێشخەرییەکانی ئەم دواییەی کردوه‌، وەکو کۆبوونەوەی لوتکەی  بەغدا و سەردانە مێژوویـیەکەی پاپا فڕانسیس بۆ عێراق لە سەرەتای ئەمساڵدا، وەک ئاماژه‌یه‌كی گرنگ بۆ بەشداریـیەکانی عێراق لە سەقامگیریی هەرێمایه‌تی و لێبوردەیی لە نێوان ئاینەکاندا.  

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP