یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پشتیوانی لە داخوازییەکانی کۆمکاری زیندانییە سیاسییەکان دەکات

کوردستان
18:12 - 2021-09-22

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پشتیوانی لە داخوازییەکانی کۆمکاری زیندانییە سیاسییەکان دەکات 

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمکاری زیندانییە سیاسیەکانی کوردستان کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە شاری هەولێر بەئامادەبوونی هەڤاڵ حاجی مەسیفی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەڕێوەچوو ، هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی زیندانیانی سیاسی لە کاروانی خەباتی میللەتەکەمان ، تیشکی خستەسەر پێویستی پشتیوانیکردن لەو چینەی خەباتگێرانی کوردستان و هێنانەدی خواست و داواکارییەکانیان وەک بچووکترین پاداشت لە بەرامبەر خۆڕاگرییان لەو دیوی شیشەکانی زیندان و ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونیان . 

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەندامانی کۆمکاری زیندانیە سیاسییەکانی کوردستان ، داوایانکرد هاوشێوەی زیندانیانی سیاسی عیراق ماف و ئیمتیازاتەکانیان بۆ هەژمار بکرێت ، ئەمەش بە هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە ١١ی تایبەت بە زیندانییە سیاسییەکان دەکرێت ، هاوکات داوایانکرد ، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەرێگەی فراکسێۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان و تیمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە حکومەتی هەرێم ، پشتیوانی لەو داواکارییە بکرێت و وەک پڕۆژەیەک پیشکەش بە حکومەت و پەرلەمانی بکەن لەپێناو گەراندنەوەی مافی سەرجەم  زیندانیانی سیاسی کوردستان . 
لەبەرامبەردا هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە پشتگیری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی بۆ داواکارییەکانیان نیشاندا و بەڵێنیدا لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار گفتوگۆ بکات بۆ چارەسەری کێشەکانیان ، وەک بچووکترین وەفا بۆ زیندانیانی سیاسی کە خاوەنی رێز و شکۆ و شانازییەکی گەورەن لای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەتایبەتی .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP