مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازیكرد لە عەلی جبوری کە لهلایهن هێزه ئهمنییهكانی بابلهوه، بەتۆمەتی کوشتنی هاوسەرەکەی دەستگیرکراو دانی بەکوشتن و سوتاندنی تەرمەکەدا نا، بەڵام دواتر دەرکەوت دانپێدانانەکەی لەژێر "ئەشکەنجەدا" لێوەرگیراوە و هاوسەرەکەی لەژیان دایە.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی پێشوازیكردوه لە عەلی جبوری کە بە "ناڕەوا" بەکوشتنی هاوسەرەکەی تۆمەتبارکرابو، لەکاتێکدا، هاوسەرەکەی لەژیاندایە، لەکۆبونەوەکەدا لێکۆڵەرانی دۆسیەکەش ئامادەبون و رونکردنەوەیان پێشكهش به كازمی كرد لەبارەی روداوەکەوه.
ئەوەش هاتوە، سەرۆک وەزیران بڕیاری دا لێکۆڵەرانی دۆسیەکە لەکارەکانیان سڕ بکرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، هەروها لەکارکردن رابەگیرێن تا دەسەڵاتی دادوەری بڕیار لەبارەیانەوە دەدات.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقش ئەوەشی خستەڕو، کازمی داوای لە عەلی جبوری کردوە سکاڵا تۆمار بکات و داوای گەڕاندنەوەی مافەکانی بکات، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک بۆ چاودێری گەڕاندنەوەی مافەکانی پێکدەهێنرێت.
لەماوەی چەند رۆژی رابردودا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بابل دانپێدانانی پیاوێکی بڵاوکردەوە کە باسی لەوەکردوە، خێزانەکەی کوشتوە و جەستەی سوتاندوە، بەڵام دواتر دەردەکەوێت خێزانەکەی لەژیاندایە ئەوەش کاردانەوەی شەقامی عێراقی لێکەوتوەتەوە و چالاکوانان دەڵێن، ئەو کەسە لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی لێوەرگیراوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP