قوباد تاڵەبانی: بۆ رووبەرووبونەوەى رکابەرییەکان دەنگ بەکاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان بدەن

کوردستان
10:53 - 2021-10-06


لەچوارچێوەى بانگەشەى هەڵبژاردندا، ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی 10ی 2021، قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لەگەڵ جەماوەرى قەڵادزێ دا کۆبۆوە و پەیامی گشتگیری هاوپەیمانی کوردستانی بۆ روونکردنەوە. 
قوباد تاڵەبانی لەمیانی وتەیەکیدا رایگەیاند هاوپەیمانی کوردستان تەنیا بۆ بانگەشە نیە، ئەم هاوپەیمانییە دەرەنجامی پرۆسەیەکی دورودرێژە لەپێناوی ئاشتکردنەوەى دووحزبی گەورە کەبەهەر هۆکارێک بێت لێک جیاببونەوە کەببوە مایەى زیادبوونی گرژییەکان، ئێمە دەبێ لەبەغدا یەکریز و یەک ئاراستە و کێشە و ململانێکانمان وەلا بنێین، بەیەک هەڵوێستی رووبەرووى رکابەرییەکان ببینەوە و بەو یەک ریزییەوە بەرگرى لەمافەکانی گەلى کوردستان بکەین. 
قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان راشیگەیاند : ئەم چوارساڵەى لەبەردەمماندایە زۆر سەخت دەبن، چونکە لایەنە سیاسیەکان لەعێراق هەوڵ دەدەن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کەم بکەنەوە و دەستکارى دەستوور بکەن، بۆیە بەپاراستنی یەکریزیمان دەتوانین رووبەروى ئەو ئاستەنگانە ببینەوە. 
 قوباد تاڵەبانی وتیشی متمانەى خۆتان بدەنە ئەو کاندیدانەى هاوپەیمانی کوردستان کە پشت بەئەستور بەدەنگ و ئیرادەى ئێوەوە تا بتوانن کاتێ پرسێکی گرنگ و چارەنوسساز لەپارلەمانی عێراق هاتەئاراوە، بەرگرى لەمافەکانتان بکەن.
لەکۆتایی وتارەکەیدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند شەڕى ئەمڕۆ شەڕى سیاسی و پارلەمانی و یاسا و قەڵەم و حوکمڕانییە، ئەم شەڕەش بەم بەرێزانە دەکرێت کەکاندیدی هاوپەیمانین، رۆژى ١٠ى ١٠ متمانەى خۆتانیان پێ بدەن و بەشدارى پرۆسەى هەڵبژاردن بکەن. 
دواتر قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان سەردانی مەکۆى بزووتنەوەى گۆڕانی کرد لەقەڵادزێ و بەئامادەبوونی مستەفاى سەید قادر و بەرپرسی مەکۆکە و ئامادەبوونی کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان، گفتوگۆیان کرد لەبارەى رێڕەوی دوارۆژەکانی بانگەشەى هەڵبژاردن کرد و جەختیان لەوە کردەوە کەبەیەکەوە یەکێتی و گۆڕان دەتوانن خزمەتی باشتر بکەن و هەوڵ دەدەین کاندیدەکانمان سەربخەین.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP