نێردەی یەكێتی ئەوروپا پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌زانێت

عێراق
09:24 - 2021-10-12


نێردەی یەكێتی ئەوروپا بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان لە عیراق راگه‌یاند، هەرچەندە رێژەی بەشداری هاووڵاتیان لە پڕۆسەكەدا كەم بوو بەڵام، پڕۆسەكە سەركەوتوو بوو و بەڕێژەیەكی كەم پێشێلكاری تۆماركرا.

ڤیۆلا ڤۆن كرامۆن نێردەی یەكێتی ئەوروپا بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان لە عیراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا راپۆرتی خۆی سەبارەت بە هەڵبژاردنەكان بڵاوكردەوە و رایگەیاند: هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەركەوتوو بوو و بەڕێژەیەكی كەم پێشێلكاری تۆماركراوە.

وتیشی: هەرچەندە رێژەی بەشداری هاووڵاتیان لە پڕۆسەكەدا كەم بوو بەڵام، پڕۆسەی هەڵبژاردن بە ئاسایی بەڕێوەچوو.

نێردەی یەكێتی ئەوروپا بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان لە عیراق راشیگەیاند: زۆر بە وردی چاودێری بارودۆخەكەمان كردووە بەتایبەت لەو بنكانەی كە پێشبینی روودانی كێشە و پێشێلكاریمان لێ كردوون.

وتیشی: بەرپرسیارێتی خۆمان بەرامبەر هەموو تێبینییەكانی سەر پڕۆسەكە  راگەیاندووە و تێبینی و رەخنەكانیشمان تۆمار كردووە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دووبارە نەبنەوە.

رۆژی 10-10-2021، پڕۆسەی دەنگدان لە سەرتاسەری عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بەڕێوەچوو و تێیدا زیاتر لە 25 ملیۆن هاووڵاتی عیراق مافی دەنگدانیان هەبوو، پارێزگاكانی عیراق بە سەر 83  بازنەدا دابەشكران و 988 هەزار و 435 كەس بۆ یەكەمجار مافی بەشداریكردنیان لە پڕۆسەكەدا هەبوو.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP