ئه‌مریكا له‌ یاسای قه‌یسه‌ر چاو له‌ رۆژاڤا ده‌پۆشێت

کوردستان
12:03 - 2021-10-16


كه‌ناڵی ره‌سمی تەلەفزیۆنی سوریا، به‌ پشتبه‌ستن بەچەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئاشكرای كرد كه‌، لە سەردانه‌كه‌ی وه‌فدی ڕۆئاڤا بۆ ئەمریکا، ئیلهام ئەحمەدی هاوسەرۆکی مەسەدە داوایکردوە، واشنتۆن لەپێناو پاڵپشتیکردنی ئابوری ناوچەکە، چاوپۆشی لەبازرگانیی نەوت لەنێوان ڕۆژاڤای کوردستان‌و حکومەتی سوریادا بکات.

به‌پێی وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ بۆ ته‌له‌فزیۆنی سوریا، ئیدارەی جۆ بایدن ڕێگەی بەئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان داوە بازرگانیی نەوت لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق پەرە پێبدات.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا، بەپێی یاسای (قەیسەر) حكومه‌تی ئەمریکا هەموو جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانیی لەگەڵ حكومه‌تی سوریا قەدەغەکردوە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بۆئەوەشکردوە، هه‌رچه‌نده‌ بەرپرسانی ئەمریکا پێشنیازەکەی وه‌فدی ڕۆژاڤایان ڕەتنەکردۆتەوە، بەڵام داوایانکردوە، ئەو هه‌نگاوه‌ هاوکار بێت بۆئەوەی بەشێوەیەکی فراوانتر لەگەڵ دیمەشق بکەونە گفتوگۆوەو کەناڵی نوێی پەیوەندی لەگەڵدا بکەنەوە.

باس لەوەشکراوە، واشنتۆن ناتوانێت سەبارەت بەیاسای قەیسەر "ڕیزپەڕبونی یاسایی" بۆ ئیدارە خۆسەر دەربکات، لەبەرئەوەی ئیدارەکە خۆی پێکهاتەیەکی یاسایی‌و دەستوریی نییە، بۆیە ئیدارەی بایدن تەنها دەتوانێت چاوپۆشی لەو مامەڵە بازرگانییە بکات‌و کار لەسەر سزادانی نەکات.

سەرچاوەکان باسیان لەوەکردوە، هەرچەندە لەماوەی ڕابردوشدا بازرگانیی نەوت لەنێوان ڕۆژئاوای کوردستان‌و دیمەشقدا هەر هەبوە، بەڵام ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، لەترسی کاردانەوەی ئەمریکا، بەفەرمی ئەو وڵاتەی لەبابەتەکە ئاگادارکردۆتەوەو داوای ڕەزامەندیی لەسەر فراوانکردنی بازرگانییەکەی لێکردوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP