پەیامی سەرۆک بەرھەم بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی پێشەوای موسڵمانان و سەروەری مرۆڤایەتی

عێراق
08:17 - 2021-10-18


"گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی موسڵمانانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و جیھان دەکەم بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی پێشەوای موسڵمانان و سەروەری مرۆڤایەتی محەمەد (د.خ).

رۆژی لە دایکبوونی پێشەوای موسڵمانان بۆنەیەکی گەورە و گرنگ و پەیام بەخشە بۆ بەرجەستەکردنی ئاشتی و خۆشەویستی و پێکەوەژیان لە نێوان سەرجەم مرۆڤایەتی، بۆیە ئەمڕۆ لە ھەموو کات زیاتر پێویستمان بە چەسپاندنی بەھا و رەفتارە جوان و بەرزەکانی پێشەوای موسڵمانانە، تاوەکو بەھا بەرزەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بەرز راگرین، با لە پێغەمبەری خودا فێری چاکەخوازی بین، پێغەمبەری مەزن دەوڵەتێکی دامەزراند و توانی کۆتایی بەستەم و گەندەڵی بھێنێت و دادپەروەری بچەسپێنێت و بەھا مرۆڤایەتییەکان بەرز راگرێت لە ئەخلاق و هێزی ئیرادە.

لە کاتێکدا ئەم یادی مەزنە دەکەینەوە، وڵاتە ئازیزەکەمان رووبەڕووی ئالینگاری جددی و بەرکەوتەی نیشتمانی دەبێتەوە، لەم ساتەوەختە دژوارەدا پێویستە یەکریز و یەکگرتوو بین و بەیەکەوە دیاڵۆگ و گفتوگۆ بکەین بە ئاڕاستەی سەرخستنی بەرژەوەندی گشتی وڵات و ھەنگاوی کرداری بنین رووەو جێبەجێکردنی داوا رەواکانی خەڵک بۆ ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەران.

رێزگرتن لە ئیرادە و خواستی خەڵک و پرۆسەی دەستووری و چارەسەرکردنی کێشەکان بە رێگەچارەی ئاشتییانە ئەرکێکی نیشتمانییە و ناڕەزایی بەرامبەر بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن مافێکی پارێزراوە لەسەر بنەمای دەستوور و یاساکانی هەڵبژاردن، بۆیە پێویستە مامەڵەکردن لەگەڵی لەچوارچێوەی یاسا و ئاشتیدا بێت دوور لەوەی ئاسایش و موڵک و سامانی گشتی و سەلامەتی وڵات بخرێتە مەترسییەوە.

رێزگرتن لە دەوڵەت و دامەزراوەکانی و پاراستنی کاروانی دێموکراسی لە وڵات، ئەمانەتە لە گەردنمان بۆ ئەو قوربانییە زۆرەی کە گەلەکەمان بەخشیویەتی لە ماوەی دەیەیی رابردوو لە ستەم و چەوسانەوە و توندوتیژی، ھەروەک ئەمانەتە بۆ قوربانییەکانی ھێزە ئەمنییەکان لە سوپا و پۆلیس و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ھاوکات گرنگە رێز بگرین لە پاراستنی بژاردەی دێموکراسی دەستووری ئاشتییانە وەک بژاردەیەکی گەلەکەمان.

ھەموو ئەمانەش بە ھەوڵ و کۆششی ھەمووان لە ھێز و لایەنە سیاسی و جەماوەرییەکان و یەکخستنی دید و بۆچوونە جیاوازەکان دێتەدی لە پێناو پاراستنی پەرژەوەندی گشتی وڵات و ھێنانەکایەوەی خۆشگوزەرانی و گەشەپێدان بۆ ھاونیشتمانیان و وڵات.

د. بەرھەم ساڵح 
سەرۆک کۆماری عێراق"

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP