يه‌په‌گه‌ پێشبینی ڕێککەوتنێک هاوشێوەی عەفرین بۆ په‌لاماردانی رۆژاڤا ده‌كات

کوردستان
15:28 - 2021-10-18


 
وته‌بێژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌) چه‌ند مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ڕۆژاڤا ئاشكراده‌كات‌و ده‌ڵێت، مه‌ترسی‌و پێشبینی ڕێكه‌وتنێكی هاوشێوه‌ی عه‌فرین له‌ئارادایه‌، راشیده‌گه‌یه‌نێت، لەهەر هێرشێکدا مافی خۆپاراستنی ڕەوا بەکاردەهێنن‌و هیچ کاتێكش هێرشیان بۆسەر هیچ لایەنێک نەکردوە، هیچ کاتێکیش داگیرکەریی چەتەو داعش‌و قاعیدەو پاشماوەکانی تیرۆری نزیک لەئەردۆغان‌و تورکیا قبوڵناکەن.

نوری مه‌حمود وته‌بێژی یه‌په‌گه‌ له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ میدیاكانی نزیك له‌ په‌كه‌كه‌، ئاشكرای كردوه‌، تورکیا لەڕێگای بەرپرسەکانییەوە هەڕەشەی هێرشێکی نوێی سەربازیی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، مەترسیش هەیە ڕێککەوتنێک هاوشێوەی عەفرین بکرێت.

ئه‌وه‌شیخستوه‌ته‌ڕو كه‌، دەوڵەتی تورکیا بەتەنها لەئازەربایجان‌و عێراق‌و لیبیا نەوەستاوە، بەڵکو دەیەوێت سنوری تورکیا تێپەڕێنێت‌و سەڵتەنەیەکی ئەردۆغانی بنیات بنێت".

وته‌بێژه‌كه‌ی یه‌په‌گه‌ باسی له‌وه‌شكردوه‌، مەترسییەک هەیە کە ئەردۆغان دۆخێکی شەڕ ڕابگەیەنێت، تا دۆخێکی نائاسایی لەناوخۆی تورکیاش ڕابگەیەنێت، بۆیە لەدەرەوەی شەڕ شتێک لەدەستی دەسەڵاتی ئەردۆغان نەماوە".

سه‌باره‌ت به‌ هەڵوێستی حکومەتی سوریاش لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئەردۆغان،نوری مه‌حمود ده‌ڵێت:"حکومەتی دیمەشق لەبەرامبەر ئەم بەرپرسیارییەتەدا نییە، چونکە ناتوانێت بڕیاریکی سەربەرخۆ بدات‌و نایەوێت چارەسەریی بۆ دۆخی سوریا فەراهەم بێت، هاوکات حکومەتی سوریا لەژێر کاریگەری بەرژەوەندی ڕوسیاو ئێران مامەڵە دەکات.

ده‌شڵێت، ڕوسیا هەنگاوێکی بەرچاوی بۆ دۆخی سوریا نەناوە، بەر لەبەرژەوەندیی گەلی سوریا، بەرژەوەندیی خۆی لەبەرچاو دەگرێت، مەترسیی‌و پێشبینی ئەوەش دەکرێت هاوشێوەی عەفرین ڕێککەوتنێک بکرێت".

هه‌روه‌ك هۆشداریش ده‌دا، كه‌، لە ماوەی نزیکەی 10ی ساڵی شۆڕشی ڕۆژئاوا، لەهەر هێرشێک مافی خۆپاراستنی ڕەوا بەکاردەهێنن‌و هیچ کاتێک هێرشیان بۆسەر هیچ لایەنێک نەکردوە، هیچ کاتێکیش داگیرکەریی، چەتەو داعش‌و قاعیدەو پاشماوەکانی تیرۆری نزیک لەئەردۆغان‌و تورکیا قبوڵناکەن".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP