دادوەرێكی ده‌ستگیراوانی بادینان بەشداریكردن لە بڕیاری دادگا ره‌تده‌كاته‌وه‌

کوردستان
12:36 - 2021-10-20



دادگایكردنی چوار چالاكوانی تری بادینان لەهەولێر بۆ كاتێكی نادیار دواخراو تیمی پارێزەرانیشیان رایدەگەیەنن: دەستگیركراوان سەرجەم ئەو تۆمەتانەیان رەتكردەوە كە ئاڕاستەیان كرابوو، ئەو بەڵگانەشی لەبەردەم دەستی دادگا بوو هیچیان سەلمێنەری تاوان نەبوون، یەكێك لەدادوەركانیش وتی بەشدارنابێت لەدەرچوونی بڕیاری دادگا لەبارەی ئەو دەستگیركراوانەوە بۆیە دادگایكردنەكە دواخرا.
 دەشڵێن: سبەینێ ژمارەیەك دەستگیركراوی تری بادینان دادگای دەكرێن و دادگا بڕیاریان لەبارەوە دەدات. 

ئەمڕۆ 20ی 10ی 2021 دوای دواخستنی پرۆسەی دادگایكردنی چوار چالاكوانانی تری بادینان، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا تیمی پارێزەرانی چالاكوانانی بادینان رایانگەیاند: ئەو چالاكوانە دەستگیركراوانەی ئەمڕۆ لەبەردەم دادوەر سەرجەم ئەو تۆمەتانەیان رەتكردەوە كە روبەڕوویان كرایەوە، بۆیە ئەو بەڵگانەی لەبەردەم دەستی دادگا بوو هیچیان سەلمێنەری تاوان نەبوون، بۆیە دەنگێك ئاڕاستەی دەستگیركراوەكان كراوە كە ناتوانرێت بناسرێتەوەو ببێتە بەڵگەی تاوان.

ئەوەشیانخستەڕوو: لەكاتی لێكۆڵینەوە باسی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیری عیراق كراوە، بۆیە داوامان لەدادگا كرد كە ئەگەر ئەو تۆمەتانە راستن دەبێت ئەوانیش ئامادەی دادگا بن، بەڵام دادگا دوای وەرگرتنی لائیحە بۆ ئەوەی بریاری یەكلاكەرەوە نەدات دادگایكردنەكه‌ دواخرا.

لەكۆنگرەكەدا ئاماژەیان بۆئەوەشكرد، كە سبەینێ ژمارەیەك دەستگیركراوی تری بادینان دادگای دەكرێن و دادگا بڕیاریان لەبارەوە دەدات.

هاوكات بەشدار حەسەن یەكێك لەتیمی پارێزەران لەكۆنگرەكەدا باسی لەوەكرد، كە یەكێك لەهۆكاری دواخستنی دادگایكردنەكەی ئەمڕۆ ئەوە بوو، كە یەكێك لەدادوەركان وتی، بەشدارنابێت لەدەرچوونی بڕیاری دادگا لەبارەی ئەو دەستگیركراوانەوە، هۆكارێكی تریش ئەوەیە بوونی نامەی یەكێك لەدەستگیركراوەكان بوو  كە بۆ باڵیۆزی ئەمریكای نوسیوەو داوای كۆبوونەوەیەك دەكات، لەگەڵ كۆمەڵگەی مەدەنی، كە ئەوە هیچ تاوانێكی تێدا نیە، بەڵام دەزگای ئاسایش بەشێوەیەكی تر لێكدانەوەی بۆ دەكات.

وتیشی: لەكاتێكدا وەك بریكارو تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان لەسەرەتای دۆسیەكەوە كاردەكەین، ئەمڕۆ لەدادگا رێگەی چونە ژوورەوەمان پێنادراو دواتر بەزۆر چوین، لەناو دادگا لەشكرێك هێزی ئەمنی جێگیركرابوو، دۆخەكە ئاسایی نەبوو، بۆیە چاوەڕوانین دادگایكردنی داهاتوو لەبەرژەوەندی دەستگیركراون بێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP