قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی نوێی سوید لە عێراق کۆبووەوە

کوردستان
14:16 - 2021-10-21


قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران هەرێمی کوردستان لەگەڵ یوناس لۆڤێن باڵیۆزی نوێی سوید لە عێراق كۆبووەوە و دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەرێم و سوید گفتوگۆیان كرد.

لە کۆبوونەوەکەدا  ئەمڕۆ پێنج شەمە (21ی تشرینی یەكەمی 2021) كە لە هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران بە بۆنەی دەستبەکاربوونییەوە پیرۆزبایی لە باڵیۆزی نوێی سوید کرد، هیواشی خواست لە ماوەی کارکردنیدا هاوکاربێت لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی سوید.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوایکرد حکومەتی سوید زیاتر هاوکاربێت لە پرۆسەی چاکسازی لە حکومڕانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە بواری رێکخستنەوەی باجدا بەوپێیەی وڵاتی سوید لەم ڕووەوە لەسەر ئاستی جیهاندا لە ڕیزی وڵاتە پێشەنگەکانە. لای خۆیەوە باڵیۆزی سوید ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاری و ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی سوید ئامادەیە تیمی پسپۆڕ بۆ کاری راوێژکاری رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە عێراق بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و هیوایان خواست لایەنە عێراقییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دانووستان بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار کە لە ئاستی چاوەڕوانی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بێت. لەم میانەیەشدا باڵیۆزی سوید ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی یارمەتی سەرجەم لایەنە عێراقییەکان بدات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP