قوباد تاڵەبانی دیدێكی هاوبەش لەبارەی یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان دابڕێژرێت

کوردستان
14:26 - 2021-10-21



قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لەگەڵ ماری پارێ بەرپرسی نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا كۆبووەوە و پرسی هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان و هاوسه‌نگی جێنده‌ری و چه‌ند پرسێكی دیكه‌، تاوتوێكران.

لە كۆبوونەوەكەدا کە ئەمڕۆ (21ی تشرینی یەكەمی 2021) لە هەولێر بەرێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پشتگیری و پشتیوانی تەواوەتی خۆی بۆ كارەكانی نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و پیرۆزبایی لە دەستبەكاربوونی ماری پارێ كرد لە پۆستە نوێیەكەیدا.

لە دیدارەكەدا كۆمەڵێك پرسی جێگە بایەخی هەردوولا تاوتوێ كران، لە بارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە هەردوولا هاوڕابوون سەرباری كەموكوڕییەكان و نیگەرانییەكان بەگشتی پرۆسەكە باش بووە. پاشان لەبارەی سیناریۆكانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقەوە هەڵوێستەكرا و جەخت كرایەوە لە رێزگرتن لە دەستور و دابینكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكان لە پێكهێنانی حكومەتی نوێدا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان، خواستی خۆیان خستەڕوو بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی ژینگە و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و لێكەوتەكانیان لەسەر هەرێم و ناوچەكە. هەروەها پەرۆش بوون بۆ پاڵپشتیكردنی ژنان و باڵانسی جێندەری لە كوردستان، كە بەشێكە لە كارنامەی جێگری سەرۆك وەزیران. 

لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوای كرد نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا هەماهەنگی بكات لەگەڵ کۆنسوڵخانەی وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا بۆ داڕشتنی دیدێكی هاوبەش لەبارەی یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP