دوو پەرلەمانتاری كوردستان:سه‌رۆكی نه‌وه‌ی نوێ‌ موزایەدەو خۆڵ ده‌كاته‌ چاوی ھاوڵاتیان

ئابوری
19:41 - 2021-10-25

دوو پەرلەمانتاری كوردستان رایدەگەیەنن: ئەوەی سەرۆكی نەوەی نوێ رایگەیاند ئەگەر مۆڵەتی بدەنێ و باجی لێ نەسەنن ئامادەیە بەنزین هاوردەی هەرێم بكات و بە ٥٠٠ دینار بیفرۆشێتەوە جگە لەموزایەدەو خۆڵ كردنە چاوی ھاووڵاتیان ھیچی دیكە نیە، دەشڵێن: لە داواكاریەكەدا داوای هاوردەی ماددەی (mtbe) كردووە كە هۆكاری سەرەكی توشبوونە بەنەخۆشی شێرپەنجەو چەندین ساڵە قەدەغەیە لەزۆر وڵات، بۆیە تائێستا لەوە دڵنیا نەبوینەتەوە ئەو ماددە كوشندەیەیان بۆ چی مەبەستێكە.

دەقی بڵاوكراوەكە:
لە بەدوادا چونێكی وردا بۆ پشتیوانی لە ھێنانی بەنزین !
‎ئەوە عەرز و ئەوە گەز...
‎دوای ئەوەی سەرۆكی نەوەی نوێ رایگەیاند ئەگەر مۆڵەتی بدەنێ و باجی لێ نەسەنن ئەوا ئامادەیە بەنزین هاوردەی هەرێمی كوردستان بكات و بە ٥٠٠ دینار بیفرۆشێتەوە بە خەڵك، ئێمە بۆ پشتیوانی لە ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان ھەستاین بە وردی بەدوادا چونمان كرد بۆ ئەوەی سەرۆكی ئەو جوڵانەوەیە بتوانێت بەنزین ھاوردە بكات، بەڵام هەر زوو حكومەت وەڵامی دایەوەو رایگەیاند ئامادەن مۆڵەتی بدەنێ و هیچ باجێكیشی لێوەرنەگرن.
‎ئەوەی جێگای سەر سوڕمان بوو بەلای ئێمەوە داواكاریەكەی نەوەی نوێیە، لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە.
‎یەكەم: دەبێت داواكاری بەناوی كۆمپانیایەكی رەسمیەوە پێشكەش بكرێت، نەك ئیدارەی حزبێك! كە زۆر جار ھەمان جوڵانەوە ھێزەكانی دیكەی تۆمەت بار دەكرد بە بازرگانی كردن.
‎دووەم: ئەو بەڕێزە كە دەڵێت مۆڵەتی هاوردەی بەنزیمان بدەنێ و باجمان لێ وەرنەگرن، بەڵام لە داواكاریەكەدا داوای هاوردەی ماددەی (mtbe) كردووە كە هۆكاری سەرەكی توشبوونە بەنەخۆشی شێرپەنجەو چەندین ساڵە قەدەغەیە لە زۆر ووڵات بۆیە تاكو ئێستا ئێمە لەوە دڵنیا نەبوینەتەوە ئەو مادە كوشندەیەیان بۆ چی مەبەستێكە؟
‎سێهەم: لە ڤیدۆكەدا داوا دەكەن مۆڵەت بدرێت بەخۆیان، بەڵام لە داواكاریەكەیاندا داوایان كردووە مۆڵەت بدرێتە بەهەر بازرگان و كۆمپانیایەك بۆ ئەوەی بەنزین بهێنن و بەهەرزان بیفرۆشنەوە بە خەڵك! ئەمجۆرە لەداواكاری زۆر دژ یەك و جیاوازە لە بەڵێنەكانی چەن رۆژی پێشویان.
‎ئەوەی گرنگە لە سبەی زووتر نیە داوایەكی رەسمی پێشكەش بكات و ئێمەش پشتیوان دەبین بەمەرجێك وەك بەڵێنەكانی خۆیان بێت كە لەگرتەیەكدا بڵاویان كردەوە بۆ ئەوەی بەنزین هاوردەی هەرێم بكەن و بە ٥٠٠ دینار دابەشی بكەن بەسەر خەڵكدا.

‎ئەوەی ئێمە بۆمان دەركەوتوە 
‎نرخی تەنێك بەنزین ئێستا لە ئێران یان ئیمارات نزیكەی ٨٤٠ دۆلارە و لە دونیاشدا بەو نرخەیەو بە كرێی گواستنەوە و پاڵاوگەوە دەگاتە نزیكی ٩٥٠ دۆلار واتا بۆ هەر لیترێك ئەگەر بێ هیچ باج و خێرێك بفرۆشرێتەوە ئەوا لیتری ٩٧٠ دینار دەكەوێت، بۆیە گەر ئەو بەرێزە بتوانێت بەو نرخە ھاوردەی بكات و بیفرۆشێتەوە ئێمە دەستخۆشی لێ دەكەین، بەڵام بەدڵنیای جگە لەموزایەدەو خۆڵ كردنە چاوی ھاوڵاتیان ھیچی دیكە نیە.

‎ رێگەیەكی تر ئەوەیە وەك جاری پێشووی ئەو بەڕێزە هەر لێرە لە تانجەرۆ بەنزینەكە بكڕێت بە نیوە قیمەت بیداتەوە خەڵك ئیتر پێویست بەوە ناكات داوای هاوردەكردن بكات چونكە خۆشی باش دەزانێت ئەو نرخە نیوەی نرخی جیهانیە نەك بەهۆی گومرگ و باج و ڕێگریكردنەوە نرخەكەی بەرزبوبێتەوە.
‎ئێمە چاوەڕێین بزانین بەڕاستی سورن لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنەی كە فشاری ھاووڵاتیان ڤیدیۆیەكی پێ تۆماركردن و بەزوی بڵاویانكردەوەو ئێستا بوە بە بار بەسەریانەوە نازانن چۆن خۆیانی لێ دەرباز بكەن یان بەدەردی قەرزو پشكەكان دەچێت.

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی
ھاوڕێ مەلا ستار 
ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP