د.رەهێڵ فەرەیدون: توشبون و گیانلەدەستدان بەكۆرۆنا لەهەڵشكاندایەو ڤاكسین كراوەتە ناچاری

تەندروستی
11:10 - 2021-10-28

بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت: ژمارەی توشبوان و گیان لەدەستدان بەكۆرۆنا لەهەڵكشاندایەو خەڵك خۆپارێزی ناكات و ماسك  بەكارناهێنێت، بۆیە تەنها رێگە بەكارهێنانی ڤاكسینەوە كە بڕێكی زۆر بەردەستەو كراوەتە ناچاری و دەبێتە سەرجەم فەرمانبەران وەریبگرن، ئەگەر نا مووچەكەیان رادەگیرێت.
د.رەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری PUKmedia ئامادەیی بوو، لەبارەی دۆخی كۆرۆناو هەڵشكانی ژمارەی توشبوان و گیان لەدەستدان لەهەرێم رایگەیاند: بەپێی ئەو رێكارانەی لەهەرێم هەسە هەڵشكانی توشبوان چاوەڕوان كراوە، چونكە خەڵك لەشوێنی قەرەباڵغ خۆپارێزی ناكات و ماسك بەكارناهێنێت، بۆیە ئامارەكان زیاد دەكات.
وتیشی: ژمارەی سەنتەرەكانی پێدانی ڤاكسین زیادكراوەو سەنتەری گەورەش كراوەتەوە،بەڵام خەڵك ناچێت خۆی بكوتێت، بۆیە ئێستا رێكارەكان لەلایەن لیژنەی باڵاوە توندكراوەتەوە كە پێویستە ئەوەی فەرمانبەر بێت ڤاكسین بەكاربهێنێت، بۆیە ئەوەش نەكات دەبێت هەفتانە پشكنین بكات، ئەگەر ئەوەش نەكات مووچەكەی رادەگیرێت.
بریكاری وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاند: ژمارەی گیان لەدەستدان زیادیكردوەو نەخۆشخانەكانی تایەبت بەكۆرۆنا شوێنیان نەماوە، لەكاتێكدا دوای ساڵێك و 10 مانگ لەسەرهەڵدانی كۆرۆنا دەبوایە ئێستا دۆخەكە زۆر باشتر بوایەو  هیچ كێشەیەكی ڤاكسن نیەو ژمارەیەكی زۆر بەردەستە، هیوادارین خەڵك بێت بڵێت ڤاكسین نەماوە تا لەبەغدا داوای بكەین.
باسی لەوەشكرد: لەسەرەتای مانگی داهاتوەوە پێدانی ڤاكسین بەناچاری دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوەو دەبێت سەرجەم دامودەزگاكانی حكومەت جێبەجێی بكەن، تائێستاش زیاتر لە 700 هەزار كەس ژەمی یەكەمی ڤاكسینەكەی وەرگرتوەو زیاتر لە ملیۆن ژەمی ڤاكسین بەردەستە.
لەبارەی كەرەنتینەشەوە، وتی: راگەیاندنی كەرەنتینەی نیمچەیش لەئێستادا ئەگەر نیە، چونكە ناتوانرێت بژێوی ژیانی خەڵك و بازاڕ بوەستێنرێت وەك ساڵی رابردوو، ئەوەی هەیە وەرگرتنی ڤاكسینە تا دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە، چونكە زۆربەی ئەوانەی لەنەخۆشخانە داخڵكراون ئەوانەن ڤاكسینیان وەرنەگرتوە، راستە ئەگەری توشبونی ئەوانەش هەیە كە ڤاكسینیان وەرگرتوە، بەڵام ئەوانە پێویستیان بەوە نابێت بچنە نەخۆشخانەو دۆخی تەندروستیان مەترسی لەسەر نابێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP