شاره‌زایه‌كی ئابووری رایگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك هۆكاری سیاسی له‌پشت هه‌ره‌سهێنانی لیره‌ی توركیهوهیه و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا گه‌شتیاری عیراقیی به‌دابه‌زاندنی نرخه‌كان هه‌ست به‌خۆشی ده‌كه‌ن.
به‌درێژایی هه‌فته‌ی رابردوو خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی سه‌رجه‌م شاره‌كانی توركیای گرته‌وه‌و داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حكومه‌تیان ده‌كرد دوای ئه‌وه‌ی لیره‌ی توركی ئاستێكی پێوانه‌یی مێژوویی له‌دابه‌زاندن تۆمار كرد له‌ئاكامی ئه‌و بڕیاره‌ی بانكی ناوه‌ندی دای بۆ دابه‌زاندنی نرخی سوود.
له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ 2021ه‌وه لیره‌ی توركی له‌به‌رامبه‌ر دۆلاردا به‌ڕێژه‌ی له 40%ی به‌هاكه‌ی خۆی له‌ده‌ستداوه‌و رێژه‌ی هه‌ڵئاوسانیش له‌توركیا وا بۆ له 20% نزیك ده‌بێته‌وه‌و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاووڵاتیانی توركیا ده‌بێت كه‌نه‌توانن ده‌ستیان بهپێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كان بگات.
له‌و باره‌یه‌وه، د.هومام ئه‌لشه‌ماع شاره‌زا له‌بواری ئابووری تایبه‌ت به PUKmediaی راگه‌یاند: هه‌ره‌سهێنانی لیره‌ی توركی هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر عیراق نابێت، به‌ڵكو كاریگه‌ری بۆ سه‌ر بازرگانی توركیا هه‌یه، چونكه له‌كاتێكدا كه لیره‌ی توركی زۆر هه‌رزان ده‌بێت، ئه‌و شتانه‌ش كه هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ده‌كرێت هه‌رزان ده‌بن به‌شێوه‌یه‌ك قه‌باره‌ی هاورده‌كردن بۆ عیراق له‌ئه‌نجامی دابه‌زینی نرخی لیره‌وه زیاد ده‌كات و له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌و شتومه‌كانه‌ی هاورده ده‌كرێن نرخه‌كانیان له‌توركیا گران ده‌بن ئه‌وه‌ش له‌ئه‌نجامی دابه‌زینی نرخی لیره‌ی توركی ئه‌وه‌ش زیان به به‌كاربه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت و له‌هه‌موو به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی نرخیشدا هه‌ر به‌كاربه‌ر زیانیان پێده‌گات و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هێزی كڕین دروست ده‌كات.
راشیگه‌یاند: تا ئاستێك گه‌شتیاری عیراق له‌توركیا دڵخۆش ده‌بن به‌دابه‌زینی نرخه‌كان و به‌رزبوونه‌وه‌ی توانای كڕین، به‌ڵام نرخه‌كان له‌توركیا به‌رزده‌بنه‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا هۆكاره سیاسییه‌كان له‌پشت هه‌ره‌سهێنانی لیره‌ی توركیهوهیه نه‌ك هۆكاره ئابوورییه‌كان.
شاره‌زاكه‌ی بواری ئابووری پێشی وایه كه توركیا ده‌توانێت ئه‌و قۆناغه مه‌ترسیداره تێپه‌ڕێنێت ئه‌ویش به‌باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئهمریكاو دڵنیایی دان به وه‌به‌رهێنه‌ران به‌ره‌خساندنی كه‌شێكی ئه‌رێنی و له‌بار بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌نگه‌ژه‌و به‌ربه‌سته‌كانی راگه‌یشتنی هاووڵاتیانی توركیا له پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP