لایەنە ناڕازییەكان لەئەنجامی هەڵبژاردن بلاسخارت به‌ تێكده‌ر ناوزه‌د ده‌كه‌ن

عێراق
16:02 - 2021-11-29


لایەنە ناڕازییەكان لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان ناشراو به‌ (چوارچێوەی هەماهەنگیی) ئەمڕۆ 29ی 11ی 2021 رۆڵی جینین بلاسخارت سەرۆكی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەعیراق (یۆنامی) بەتێكدەر ناوەزەند كردووەو جەختیش دەكاتەوە كە قەوارە سیاسییەكان دەتوانن ئەم قەیرانەی ئێستا تێپەڕێنن.

موحەمەد سەیهود سەركردە لەچوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند: قەوارە سیاسییەكان چاوەڕوانی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان دەكەن، روونیشی كردەوە كە ئەوان لەچاوەڕوانی ئەنجامی تانەكانن كە پێشكەشی كۆمسیۆن و دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان كراون.

راشیگەیاند: سەرجەم فراكسیۆنە سیاسییەكان چاوەڕوانن ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان رابگەیەنرێت و لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە پەسەند بكرێن و پاشان گفتوگۆكان و بزاوتی راستەقینە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ دەستیپێبكرێت، رۆڵی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكانیشی لەعیراق بە تێكدەر وەسف كرد.

روونیشی كردەوە، لەساڵانی 2003 و 2004دا  نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر بانگهێشتی حكومەتی فیدڕاڵی هاتە عیراق و لەئێستادا لەدەرەوەی دەسەڵاتەكانی دەستوەردان ئەنجام ئەدات و پرۆسەی سیاسی خراپ دەكات.

جەختیشی كردەوە، لەئێستادا عیراق بەقەیرانێكی سیاسی راستەقینەوە دەناڵێنێت و قەوارە سیاسییەكان دەتوانن قەیرانەكە تێپەڕێنن وەك چۆن پێشتریش لەچارەسەركردنی چەندین قەیرانی تردا سەركەوتوو بوون.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP