ھەڤاڵانی یەکێتیی
ھاوسەنگەر و ھاوخەباتانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە کۆچی یەکجارەکی تێکۆشەر و پێشمەرگە و راگەیاندکاری دێرینی یەکێتیی و شۆرشی نوێی گەلەکەمان مامۆستا موحسن عەلی ئەکبەر رادەگەیەنین کە ئەمشەو دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی و دەرکەوتەکانی کۆرۆنای نەگریس گیانی پاکی سپارد
مامۆستا موحسن وەزیر ، پەرلەمانتار و بەرپرس و سەرکردەیەکی دیاری ریزەکانی یەکێتیی بوو لە دەستپێکی خەباتی رێکخراوەیی و پێشمەرگایەتی و میدیایی یەکێتییەوە قۆڵی خەباتی سیاسیی و پێشمەرگانە و حزبیانەی لێھەڵماڵی و لەھەموو وێستگەکانی ئەو خەباتەدا ھەر ئەرك و بەرپرسیارێتییەکی پێ سپێردرابێت دڵسۆزانە و یەکێتیانە رایپەڕاندووە و جێدەستی دیار بووە. کە دوا ئەرکی لەم کایەدا سەرپەرشتی میحوەری گەرمەسێر و خانەقین بوو لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا. نموونەی تێکۆشەر و سەرکردەی مەیدانی بەھیمەت بوو وێرای ئەوەش نووسەر و وەرگێر و میدیاکارێکی بە سەلیقەبوو.
رۆحی مامۆستا موحسن شاد و جێگای بەھەشت بێت . سەرخۆشیمان بۆ کەسوکار و خانەوادەکەی و خەڵکی شەھیدپەروەری خانەقین و کوردستان.
ماڵئاوا ھەڤاڵ و ھاوڕێی دێرینمان کە تا دوا سات کۆڵت نەدا
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ١-١٢-٢٠٢١
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP