گەورەترین روپێویی بۆ دیاریكردنی رێژەی هەژاری ئەنجامدەدرێت

عێراق
11:24 - 2021-12-02

 بڕیارە گەورەترین رووپێو لەبارەی رەوشی ھەژاری لە عیراق و ھەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستانیش دەڵێت:  رێژەی ھەژاری دیاری دەكرێت و ئەو ئامارانەی ئێستاش بڵاودەكرێنەوە دروستنین.
سیروان محەمەد سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان،  بە PUKmedia ی  راگەیاند: بڕیارە ساڵی داھاتوو روپێوییەكی سەرتاسەری لەعیراق و ھەرێمی كوردستان لەبارەی رێژەی ھەژاری و دیاریكردنی ھێڵی ھەژاری بەڕێوەبچێت و لەلایەن سندوقی نێودەوڵەتییەوە بودجەیەكی زۆری بۆ تەرخان كراوە، چونكە پڕۆژەیەكی ستراستیژیی گرنگەو تا كۆتایی ساڵیش دەخایەنێت.
وتیشی: دوایین رووپێوی دیاریكردنی رێژەو ھێڵی ھەژاری لە عیراق و ھەرێمی كوردستان لە ساڵی 2018 بەڕێوەچوەو جگە لەوە ھیچ رووپێوێكی دیكە ئەنجام نەدراوە، لەبەر ئەوەش رێژەی ھەژاری نازانرێت لە ئێستادا چەندە.
لەبارەی ئەو ئامارانەی سەبارەت بەڕێژەی ھەژاری بڵاو دەكرێنەوە،  ئاماژەی بەوەشكرد: زۆرترین   رێژەی   هەژاری لەپارێزگای  دهۆك و هەولێرەو پارێزگای سلێمانی  كەمتر ین رێژەی هەژاری تێدایە، راشیگەیاند:  بۆ دیاریكردنی رێژەكەش ئەو پێوەرەمان داناوە كەسێك داهاتی مانگانەی 105 هەزار دینار بێت، لای ئێمە بەهەژار ئەژمار دەكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو:  لەكوردستان  رێژەی هەژاری دەگاتە 5%، بەڵام ئامارێكی راست و دروست نیەو  ئەوانەشی بڵاو دەكرێنەوە راستنین، چونكە عیراقیش ئەو ئامارانەی بڵاودەكرێنەوە رەتكردەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP