بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازیکرد له‌ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە

کوردستان
05:05 - 2021-12-02

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە ھەولێر پێشوازیکرد لە میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە.

لە دیدارێکدا کە باڵیۆز و کۆنسوڵی رووسیا لە عێراق و ھەرێم ئامادەیبوون ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی گشتی کرا و بیروبۆچوون لەبارەی پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەکان ئاڵوگۆڕکرا، تەئکید لە ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش کرایەوە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکان و بە گرنگییەوە رۆڵی مێژوویی سەرۆک مام جەلال بەرز نرخێندرا لە بنیادنانی پەیوەندییەکی دۆستانە و پتەو لە نێوان ھەرێم و رووسیا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبەر رۆشنایی ئەو پەیوەندییە لە مێژینەیە، پێویستی فراوانکردنی ھاریکاری و ھەماھەنگی نێوان ھەردوولای دووپاتکردەوە، بە تایبەت لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پشتیوانیکردن لەمافەکانی گەلی کورد، و بە وەفدی میوانی راگەیاند یەکێتی پەرۆشی بنیادنانی پەیوەندییەکی ھاوسەنگە کە خزمەت بە ھەرێمی کوردستان بگەیەنێت، داوایکرد ھانی سەرمایەداران بدرێت و بەشداری چالاک بن لە بوژاندنەوەی کەرتی ئابووری و وەبەرھێناندا.

ھەر لە دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبەر رۆشنایی دۆخی عێراق دوای ھەڵبژاردنەکان بۆچوونی یەکێتی خستەڕوو، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە یەکێتی دەیەوێت کورد یەک دەنگ و یەک بڕیار بێت لە ناوەند و گووتارێکی  سیاسی ھاوبەشمان ھەبێت، تا داکۆکی لە مافە دەستوورییەکان بکەین و لەگەڵ دۆستەکانمان لە بەغدا کاربکەین بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کاراو چالاک.

بافڵ جەلال تاڵەبانی روونیشیکردەوە ئەگەر سازش نەکرێت و بەرژەوەندی گشتی زاڵنەکرێت ئەوا ململانێیە سیاسییەکان دۆخی وڵات بەرەو ناسەقامگیری زیاتر دەبات، سازان و لێکتێگەیشتنی نیشتمانی لەنێوان ھەموو لایەنەکان تاکە رێگای رزگارکردنی عێراقە لەو ھەلومەرجەی تێیکەوتووە.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا بەوردی ھەڵوەستەکرا لەسەر بارودۆخی سووریا و ئەگەرە سیاسییەکان تاوتوێکران، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند دواکارین کێشەی کورد لە سووریا بە دیالۆگ و رێگای ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، سووربوونی یەکێتی دەربڕییەوە بۆ پشتیوانیکردن لە کوردانی رۆژئاوا و ھاوکاریکردنی فەرماندە مەزڵوم کۆبانی بۆ بەدیھێنانی مافەکانی کورد و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP