راگەیەنراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

کوردستان
07:57 - 2021-12-03

وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر پەلامارەکەی شەوی رابردووی سەر بناری قەرەچووغ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و شەهیدبوونی سێ هاووڵاتی و حەوت پێشمەرگەی راگەیاند.

 
راگەیەنراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە
 
بەداخەوە، کاتژمێر ٢٢٠٠ شەوی ٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١، تیرۆریستانی داعش، پەلاماری گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغیان دا، لەم پەلامارە دڕندانەیەدا، کوێرانە کەوتنە دەستڕێژی کردن لە خەڵکی سڤیلی گوندەکە، لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتی شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
هێزەکانی پێشمەرگە بەزوویی بەهانای خەڵکی گوندەکەوە چوون و توانیان لەماوەیەکی کەمدا، بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و تیرۆریستان راو بنێن.
دواتر هێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی بۆ ناوچەکە ئەنجامدا، لەوکاتەدا، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی پێشمەرگە کەوتە بۆسەی تیرۆریستانی داعشەوە، بەداخەوە حەوت پێشمەرگە شەهید بوون.
وێڕای راگەیاندنی پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە و شەهیدانی گوندی خدر جیجە، دوپاتی دەکەینەوە، کە خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت و تیرۆریستان و ئەوانەی پاڵپشتیشیان دەکەن، دەبێ باجێکی گەورە بدەن.
وەزارەتی پێشمەرگە، جارێکی تر رایدەگەیەنێت، کە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و هاوپەیمانان، پێویستە لە قۆناغی چەق بەستویی بێتە دەر، زۆر بەخێرایی و بەبێ چاوەڕوانی کردن دەبێت ئۆپەرسایۆنی هاوبەش دەست پێبکەین و نابێت چیتر رێگە بدەین، تیرۆریستان مۆڵگەو شوێنی حەوانەوەکانیان وەک خۆی بمێنن و ناوچەی پارێزراوی خۆیان هەبێت.
 
وەزارەتی پێشمەرگە
٣ی کانونی یەکەم ٢٠٢١

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP