په‌رله‌مانتار لوقمان وه‌ردی: قەڵا سەربازیەکانی باڵەکایەتی ببەن بۆ قەرەچوغ

کوردستان
06:50 - 2021-12-04

په‌رله‌مانتار لوقمان وه‌ردی، په‌رله‌مانتاری لیستی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ په‌یامێكدا، كه‌ له‌ ئه‌ژماری خۆی له‌ فه‌یسبوك بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردوه‌ كه‌، تەنھا لەماوەی ئەم ساڵدا چەندین قەڵای سەختی سەربازی لە شاخەکانی دەوروبەری قەزای چۆمان و ناحیەکانی دروستکراون بەملیۆن دۆلار پارەی تێدا سەرف کراوە، کەچی دەبینین لە بناری قەرەچوغ  لە بەرامبەری داعشی دڕندەو دوژمن ، پێشمەرگە بێ سەنگەر و لانە و جێگەیە.
ده‌قی په‌یامه‌كه‌:
جێگەی پرسیارو سەرسورمانە ، تەنھا لەماوەی ئەم ساڵدا چەندین قەڵای سەختی سەربازی لە شاخەکانی دەوروبەری قەزای چۆمان و ناحیەکانی دروستکراون بەملیۆن دۆلار پارەی تێدا سەرف کراوە، ھێزێکی پشتیوانی یەک بە چەکی قورس لە جۆری ھەمەر و باجەر و ناقیلەی سەربازی لە دەڤەری باڵەکایەتی جێگیر کراون ، کاتێکدا ھەموو لایەک دەزانین دەڤەری باڵەکایەتی  ناوچەیەکی گەشتیاریە و زۆریش ئارامە ، ھاوسێیە لەگەڵ ووڵاتی ئێران و لانی کەم لەماوەی ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی رابردوو  ھیچ مەترسی و جموجۆڵێکی سەربازی لەو ناوچەیە بوونی نەبووە .
کەچی ئەمرۆ دەیان قەڵای زۆر سەختی سەربازی بنیاتنراون و ھێز و  چەکی  قورس و ئۆتۆمبێلی پێشکەوتووی سەربازی جێگیرکراون ، تەنانەت لەم ساڵدا لە کوێستانەکانی بناری کۆدۆ و بەردەسپیان و خرەبەرد ، رێگری لە کارو کاسبی ھاوڵاتیان کرا ، تەنانەت ناوچەکە لە مەڕ دارو کۆچەریەکانیش قەدەغەکراوە ، بەبێ بوونی ھیچ ھۆکارو مەترسێک بێگومان ئەوەش نیگەرانی و پرسیار یەجگار زۆری لای ھاوڵاتیانی ئەو دەڤەرە دروستکردوە .

کەچی دەبینین لە بناری قەرەچوغ  لە بەرامبەری داعشی دڕندەو دوژمن ، پێشمەرگە بێ سەنگەر و لانە و جێگەیە ، لە چوارچێوەی دیواری مزگەوت و بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی ئەرک دەبینێ ، بەداخەوە سەرەنجام ژمارەیەکیان شەھیدبوون ، بەئاسانی بوون بە نێچیری دەستی دوژمن ، کاتێک پرسیار لە لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت کە بۆ بایەخ بە سەنگەرسازی و دابینکردنی چەک و پێداویستی خۆپارێزی بۆ سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە نادرێت ، باسی نەبوونی ئیمکانیەت دەکەن بەوە پاساو بۆ خوێنی بەناھەق رژاوی پێشمەرگەو ھاوڵاتیان دەھێننەوە ، کەچی لەناوچەیەکی ئەمین و ئارامی وەک باڵەکایەتی چەندین قەڵای سەختی سەربازی دروستکراوە.

فەرموون قەڵا سەختە دروستکراوەکانی شاخەکانی دەڤەری باڵەکایەتی و ھێزو ئۆتۆمبێلە سەربازیە گوللە نەبڕەکان ببەن بۆ سەنگەری پێشمەرگەکانی قەرەچوغ  خەمتان نەبێت خەڵکی ئەو دەڤەرە وەک رۆژگارە سەختەکانی سەرەتای شۆرش خۆنەویستانە پاسەوانیتان دەکەن و دەتانپارێزن و ممنونیشتان دەبن  .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP