خانمه‌ یاریزانێكی كوردی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی دەستى ئێران داوای په‌نابه‌ریی ده‌كات

وەرزش
09:54 - 2021-12-18



شقایق باپیری، یاریزانی هەڵبژاردەی ئێران لە یاری تۆپی دەست، دوای دیارنه‌مانی بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ شوێنی حه‌وانه‌ی تیمەکەی لە ئیسپانیا، دوای ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی، لە گفتوگۆیەکیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوه‌ كه‌ به‌نیازه‌ داوای په‌ناریی بكات.


ئه‌و یاریزانه‌ كچه‌ كه‌ تەمەن 30 ساڵه‌، لە ساڵی 2015ه‌وە ئەندامی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی خانمانی ئێران و یانەی سپاهان بوە و یەکێک بوه‌ لە یاریزانە بە ئەزمونەکانی ئێران لە 25هەمین خولی کێبڕکێ جیهانییەکانی یاری تۆپی دەست لە ئیسپانیا.

ئەو یاریزانە ئێرانییە ڕۆژی چوارشەممەی رابردو (15ی ئه‌م مانگه‌) هۆتێلی سێرکۆتێل سۆرۆلا پالاس کە شوێنی تیمەکەی بوە لە ڤالێنسیا، بەجێهێشتوە و دەڵێت بەنیازە داوای پەنابەری بکات.

ئەو خانمه‌ یاریزانه‌ له‌و چاوپێکەوتنه‌یدا باسی له‌وه‌شكردوه‌ كه‌، سنوردارکردنی وەرزش بۆ خانمانی وەرزشەوان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا بوەتە هۆی ئەوەی کە بڕیاربدات نەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی.

ئه‌وه‌شیخستوه‌ته‌ڕو كه‌ ، نەگەڕانەوەی بۆ ئێران، به‌و مانایە دێت کە خێزانەکەی لەوانەیە ناچاربن بڕی 35 هەزار دۆلار کە وەک کەفالەت بۆی دانراوه‌ پێش ئەوەی ڕێگەی پێ بدرێت ئێران بەجێبهێڵێت بیدەنە حکومەت.

حکومەتی ئێران هەندێک جار داوا لە وەرزشوانان دەکات، کە سەرمایەی کەسی خۆیان وەک کەفالەت بەکاربهێنن بۆ دڵنیابون لە گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکە و ئەگەر نەگەڕانەوە ئەو کات حکومەت ئەو بڕە پارەیان لێوەردەگرێت.

باپیری شقایق وتویه‌تی، "ئەگەر ئەو پارەیەی کە وەرزشەوانانەکان وەک کەفالەت دایانناوە، نەبوایە ئەوا هەمو ئەندامانی تیمەکە داوای پەنابەریان دەکرد و نەدەگەڕانەوە".

وتیشی، (حیجاب)ی زۆرەملێ بەربەستێکە لە بەردەم یارکردن و دەرخستنی تواناکانیادا.

باپیری لە شاری سنە لە وڵاتی ئێران لەدایکبوە و دەڵێت "بەهۆی کورد بوون و سوننە بونییەوە بە بەردەوامی مافەکانی پێشێلکراوە، ئەگەر تۆ کورد و سوننە بیت لە ئێران، ئەوا هەڵسوکەوتێکی جیاوازیان لەگەڵت دەبێت و بە بەردەوامی گاڵتەت پێ دەکرێت و هەر بۆیەش چیتر ناتوانم وەک مرۆڤێک ئەوە قەبوڵ بکەم.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌،پێشتر كیمیا عه‌لی زاده‌ كه‌ خانمه‌ یاریزانێكی دیكه‌ی ئێرانه‌ و خاوه‌نی یه‌كه‌م مه‌دالیای ئۆلۆمپی وڵاته‌كه‌یه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ ساڵی 2020، ره‌خنه‌ی توندی له‌ سیاسه‌تی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی گرت و به‌ره‌و ئه‌وروپا هه‌ڵات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP