سەرۆک کۆمار جەختدەکاتەوە لە پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان و وەرگرتنی ڤاکسین بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا

تەندروستی
08:56 - 2021-12-23

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی کانوونی یەکەمی 2021 لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە هانی موسا عەقابی، وەزیری تەندروستی.

لەدیدارەکەدا باس لە دۆخی تەندروستی گشتی و ئەو رێوشوێنانە کرا کە نراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، هەروەها گفتوگۆکرا سەبارەت بە خزمەتگوزاری تەندروستی و تەندروستی گشتی و پێویستی ئاسانکاری و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم جەختیکردەوە لەپێویستی بەھێزکردنی تەندروستی گشتی و رێکارەکانی خۆپارێزی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا و چڕکردنەوەی هۆشیاری هاووڵاتییان و وەرگرتنی ڤاکسینی دژە پەتای کۆرۆنا لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتی وڵات، ھەروەھا ستایشی هەوڵ و ماندووبوونی سەرجەم کادرانی تەندروستی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

لەلای خۆیەوە وەزیری تەندروستی لەبارەی بەرەوپێشچوونی کارەکانی وەزارەت و پلانەکانی بۆ بەهێزکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیییەکان لەبوارە جۆراوجۆرەکانی پزیشکی و بەتایبەتی رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنای خستەروو.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP