وەزیری تەندروستی:هیچ حاڵەتێكی توشبوون بەئۆمیكرۆن تۆمارنەكراوە

تەندروستی
10:24 - 2021-12-25



وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند: تائێستا لەهەرێم هیچ حاڵەتێكی پشتڕاستكراوەی توشبوون بەئۆمیكرۆن تۆمارنەكراوە، بەڵام ئەو گەشتیارانەی دەگەڕێنەوە لەو وڵاتانەی تێیدا تۆماركراوە دەبێت وەك گومانلێكراو مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، دەشڵێت: دەبێت خۆمان بۆ شەپۆلێكی نوێی كۆرۆنا ئامادە بكەین.

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا بەردەوامەو تیمەكانمان بۆ هەر شەپۆلێكی نوێی كۆرۆنا رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەرو دەبێت خۆمان بۆ شەپۆلێكی نوێی كۆرۆنا ئامادە بكەین.
لەبارەی بوونی حاڵەتی جۆری نوێی كۆرۆنا كە بەئۆمیكرۆن ناسراوە، رایگەیاند: تائێستا هیچ حاڵەتێكی پشتڕاستكراوەی توشبوون بەئۆمیكرۆن لەهەرێم تۆمارنەكراوە، بەڵام هاوشێوەی وڵاتانی تر بۆ جۆرەكانی تری كۆرۆنا لەقۆناغی چاودێریكردن و دۆزینەوەی حاڵەتەكانداین و دەبێت.

راشیگەیاند: بۆ هەر حاڵەتێكی گومانلێكراوی توشبوون بەئۆمیكرۆن بۆ ئەو گەشتیارانەی لەو وڵاتانەی تێیدا تۆماركراوەو دەگەڕێنەوە، وەك گومانلێكراو بۆ پشتڕاستكردنەوە پێویستمان بە پێداویستی تاقیگە هەیەو لەڕۆژانی داهاتوودا تاقیگەكان بۆ دیاریكردنی ئۆمیكرۆن دەكەون بواری جێبەجێكردنەوە، ئەو حاڵەتانەشی كە گومانی لێدەكەین بەپشكنین پشتڕاستدەكرێتەوە.

وەزیری تەندروستی لەبارەی پێدانی ڤاكسین وتی: لەسەرەتای ساڵی داهاتوەوە دەبێت لەسەرجەم فەرمانگە حكومیەكان وەرگرتنی ڤاكسین بكرێتە ناچاری، ئەوانەشی وەریناگرن دەبێت هەفتانە پشكنین بكەن و ئەنجامەكەی بۆ فەرمانگەكەی ببەنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو: پێدانی ڤاكسین كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر كەمبونەوەی توشبوون و گیان لەدەستدان بەكۆرۆنا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP