چێلسى و لیڤەرپول خزمەتی مان سیتیان کرد

وەرزش
11:18 - 2022-01-03

چێلسى و لیڤەرپول خزمەتی مان سیتیان کرد 

محه‌مه‌د عەبدولڕەحمان

یاریگای ستامفۆرد بریج، یاری لووتكەی نێوان هەردوو یانەی چێڵسی خاوەن یاریگا و دوەمی ریزبەندی و لیڤەرپولی سێیەمی ریزبەندی كۆكردەوە.. هەر لەسەرەتاوە محەمەد سەڵاح خەریك بوو بەربەستی یەكسانبوون بشكێنێت، بەڵام مێندی گۆڵپارێز خەونەكەی لەبار برد.. هەر دوای ئەو هێرشە پۆلیسیچی ئەمریكی زۆر بە سانایی گۆڵی پێشكەوتنی یانەی بلوزی لە كیسی تیپەكەی بردو تۆخێڵی راهێنەری هێنایە سەر پێ.. تا لە دەقیقەی 9دا سادیۆ مانی سەنیگالی هەڵەیەكی زەقی هێڵی بەرگری یانەی چێڵسی قۆستەوەو تێیدا بە شووتێك بەربەستی مێندی هاونیشتیمانی شكاندو یەكەم سەردێڕی دیدارەكەی بەناوی یانەی لیڤەرپولەوە راگەیاند.. دوای ئەو گۆڵە لیڤەرپول بەتەواوی كۆنتڕۆڵی دیدارەكەی كردبوو، ئەمجارەیان لە هەوڵێكی تاكانەدا محەمەد سەڵاحی میسڕی بە شێوەیەكی هونەری جوان گۆڵی دووەمی یانەی رێدزی تۆماركرد.. لە بەرامبەردا و بەر لە تەواو بوونی ئەو تایمە بە سێ دەقیقە ماتیۆ كۆڤاسیچ جیاوازی ئەنجامەكەی بەسوودی چێڵسی خاوەن یاریگا كەمكردەوە.. هەر لەو تایمە و لە یەكەم دەقیقەی كاتی زیادكراودا.. كریستیان پۆلیسیچ قەرەبووی هەڵەكەی پێشوی كردەوەو گۆڵی دووەم و هاوتا بوونی یانەی بلوزی میوانداری راگەیاند.. هەر لەو تایمەدا ماسۆن ماوت هەڵێكی زێڕی لەدەستدا بۆ تۆماركردنی گۆڵی سێیەم و پێشكەوتنی یانەی چێڵسی.. سەرەنجام ئەو گێمە دراماتیكیە بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەك یەكلایی بوەوە.. لە دەستپێكی تایمی دووەم فیرعەونە میسڕیەكە خۆی دەرخستەوەو نزیكبوو لەوەی یەكێك لە جوانترین گۆڵەكانی ئەم وەرزەی پریمەرلیگ تۆمار بكات.. بەڵام مێندی گۆڵپارێز جارێكی تر سەلماندی كە یەكێكە لە باشترین گۆڵپارێزەكانی ئەم وەرزەی خولەكە.. پاشان سادیۆ مانی هەڵی گۆڵی سێیەمی یانەكەی لەدەستدا.. كاتێك مێندی هاونیشتیمانی بەشێوەیەكی زۆر ئەستەم تۆپەكەی دوورخستەوە.. لە بەرامبەردا و بۆ جارێكی تر ماسۆن ماونت چانسی خۆی تاقیكردنەوە بۆ تۆماركردنی گۆڵی سێیەمی یانەی چێڵسی، بەڵام گۆڵپارێزەكەی یانەی رێدز لێهاتوانە لێدانە سەرەكەی دەرهێنا.. لە كۆتاییشدا هەردوو تیپ یەكێك لە جوانترین یاریەكانی ئەم وەرزەیان پێشكەش كردوو هەریەكەو تەنها خاڵێكیان بەدەستهێنا و هێندەی دیكە خزمەتی یانەی مانچستەر سیتیان كرد بۆ پێشڕەوی كردن لەسەر كورسی یەكەمی خولەكە .


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP