قائیمقامی چەمچەماڵ: دوو وەفدی هەرێم و عیراق لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ی كۆرمۆر ده‌كه‌ن

کوردستان
13:28 - 2024-04-27

دوو وەفدی هەرێم و عیراق بۆ لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن لە زیانەکانی کردەوە تیرۆرستیەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر سەردانی کێڵگەکە دەکەن و قائیمقامی چەمچەماڵیش دەڵێت: "تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە لەئەستۆنەگرتوەو لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن".

رەمەک رەمەزان قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ لە لێدوانێکدا بۆ وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  راگەیاند: "لەبارەی ئەو هێرشە درۆنیەی ئێوارەی دوێنێ هەینی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر وەفدێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبای حکومەتی هەرێم سەردانی شوێنی رووداوەکە دەکەن و راپۆرتی خۆیان ئاماددە دەکەن، هاوکات بڕیاریشە وەفدێکی حکومەتی عیراق لەسەر هەمان بابەت سەردانی کێڵگەکە بکەن".

"مەبەست لە هاتنی وەفدەکەی حکومەتی هەرێم دڵنیایدانەوەیە بە کارمەندان و کۆمپانیاکانی کێڵگەکە و هاوکات بڕیاردەدەن تا چ ئاستێک بەرهەمهێنانی غاز رابگیرێت و کەی بەرهەمهێنان دەستپێبکاتەوە"، رەمەک رەمەزان وای وت.

قائیمقامی چەمچەماڵ ئەوەش دەڵێت: "لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامی هەیە و تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی کردەوە تیرۆرستییەکە رانەگەیاندووە".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP