سەرۆک کۆمار کارنامەی چوار باڵیۆزی نوێ وه‌رده‌گرێت

عێراق
15:52 - 2024-04-29


چوار باڵیۆزی نوێ لە عیراق دەستبەکار دەبن و سەرۆککۆماری عیراقیش کارنامەی لێوەرگرتن.

سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید ئەمڕۆ دووشەممە 29-4-2024 کارنامەی لە بەڕێزان خالید ئەحمەد مەنسوڕ باڵیۆزی نوێی شانشینی بەحرێن، جۆرج سەعید زامیت باڵیۆزی نوێی کۆماری ماڵتا، فێرناندۆ دی ئوری باڵیۆزی نوێی کۆماری پورتوگال و خۆسێ مارتینێز باڵیۆزی نوێی کۆماری ئەنگۆلا وەرگرت.
لە میانی دیدارەکاندا، کە بە جیا لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچون، سەرۆك کۆمار خواستی عێراقی دوپاتکردەوە بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی پێشکەوتو و هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر و هاریکاری جدی لە زۆر بواردا لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
سەرۆك کۆمار هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزانی نوێ خواست لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و بەردەوامیدان بە هاوئاهەنگی و راوێژی نێوان عێراق و وڵاتەکانیان لەبارەی پرسە جیاوازەکان و بابەتەکانی جێ بایەخی هاوبەش.
لای خۆیانەوە باڵیۆزان خواستی وڵاتەکانیان دوپاتکردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییان لەگەڵ عێراق و پەرەپێدانیان لە هەموو بوارەکاندا، هاوکات پەرۆشی تەواویان نیشاندا بۆ کارکردنی زیاتر لەپێناو بەهێزکردنی هاریکاری، بەشێوەیەك کە لە خزمەتی بەرژەوەندی هاوبەشدا بێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP