نەورۆز لە چه‌ند وێستگه‌یه‌کی جیاوازی ژیانمدا

عیماد ئەحمەد
14:45 - 2022-03-14

نەورۆز لە چه‌ند وێستگه‌یه‌کی جیاوازی ژیانمدا
عیماد ئەحمەد

 سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو  ، لە یادی نەورۆزی ئەو ساڵاندا،  مێردمنداڵ بووم .لە گەرەکی جەلەوەی شاری خانەقین دەژیام . بە خه‌یاڵێکی کوردانه‌وه‌ لە گەڵ خەڵکی گەرەکدا، بە ژن و پیاوەوە بە گەورە و بچوگەوە دوای خاڵو فرە بەهرەکەم مامۆستا موحسن ئەکەوتین  و بەدەنگی بەرز ، لەقەراخ هاژەی رووباری ئەڵوەن ، هاوارمان دەکرد 
 (ئیمرۆ رۆژی خۆشییە،کاوە زووحاک کوشتییە )

ساڵی(١٩٧٠) هەرزەکار بووم ، یادی نەورۆز لە تەیارەخانەی شاری خانەقین سازکرا . یەکێک لە سونبولەکانی کوردایەتی لە شاری خانەقین مامۆستا عەزیز پشتیوان بوو. ئەو بە دەنگە پر سۆز و زوڵاڵەكەی بە دەستە راستە پڕ ئاماژەکەی هاواری دەکرد (یان کوردستان یان نەمان) وەکوو بروسکەیەک لە ناخماندا دەنگیدایەوە و ئه‌و دروشمه‌ بووه‌ وزیه‌کی هەتاهەتایی کوردایه‌تی بۆ خەڵکی شارەکەم

 ساڵی (١٩٨٤) لەهەڕەتی گەنجایەتی بووم ،یادی نەورۆز لە سورداش ساز کرا،  بە ئامادەبوونێکی جەماوەری بێوێنەی خەڵکی کوردستان و بە وتە پر جۆش و خرۆشەکەی هەڤاڵ مامجەلال کە دەیفەرموو (جەماوەری لە بن نەهاتووی یەکێتی) دڵنیایی  بەسەر خەڵکی کوردستان دەباراند و نه‌ورۆز و پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵک ئاوێته‌ی یه‌کبوون.

ساڵی(٢٠١٢)  قۆناخی کامڵبوونی دید و تێڕوانین و تێگەیشتنم بوو ،بۆ یادی نەورۆز ، کاک دلێری سەید مەجید، مامە خەمەی هەمووان ، کۆمەڵێک هاوڕێ و کەس وکاری هەردوولامان ، لە کانی ماسی قەراغی شاری سولەیمانیدا، میوانداری کردین و بە دیار ئاگرێکی گەورەوە و بە دەنگی زووڵاڵ و بەرزی حەسەن زیرەک سروودی (ئەم رۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە......) ئێوارەی نەورۆز مان بەسەربرد.دڵۆپ دڵۆپ خۆشەویستی و خۆشی دەڕژایە ناخی دەرونماندا

ساڵی (٢٠٢٢) لە سێبەری رەشماڵی پایزی تەمەندا ، یادی نەورۆز یادێكی یەکجار جیاواز لە جاران دەبینم 

په‌رته‌وازه‌یی زۆر و یەکریزی زۆر کەم
هیوا کەم و نائومێدی زۆر!
بورجی عاجی زۆر و دادپەروەری زۆر كەم !
کاوە کەم و زووحاکیش زۆر!

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP