زۆرترین ئەو پەرتووكانەی لەسەر مێژووی گەلی كوردستان و حزبە سیاسییەكان نووسراون، لەلایەن مێژوونووسانەوە نووسراون، نەك مێژووناسان، بەتایبەتی لەلایەن ئەو كەسانەوە نووسراون كە بەشداربوون لە شۆڕشەكاندا و هەوڵیانداوە بیرەوەرییەكانی خۆیان بنووسنەوە
مێژووی یەكێتی، مێژوویەكی پڕاوپڕ لە سەروەریی و داهێنان، نەک هەر لەسەر ئاستی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوایەتیی گەلی کوردستان زۆرترین پانتایی بۆ خۆی گرتووە، بەڵكو لەسەر ئاستی عیراق و ئیقلیمییش بە یەكێك لەو حزبانە ئەژماردەكرێت، كە زەنگینە بە مێژوویەکی گەش و بەرهەمدار، بەڵام راستییەكەی تا ئێستا ئەوەی لە گۆڕەپانی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون و راڤەكردنی رووداوە مێژووییەكانی گەلی كوردستان بەرهەم هاتووە و ئەرشیفكراوە، زیاتر لەلایەن مێژوونووسانەوە نووسراوە نەك لەلایەن مێژووناسانەوە، چونكە جیاوازییەكی زۆر لەنێوان مێژوونووسان و مێژووناساندا هەیە.
ـ مێژوونووس ئەو كەسانەن، كە مێژووی رووداوێك یان قۆناغێكی مێژوویی دەنووسنەوە بەبێ ئەوەی پشت بە بنەما و میتۆدی زانستی و بەڵگەنامەكان ببەستن و زۆرجار ئەم جۆرە كەسانە لەكاتی نووسینی بیرەوەرییەكانی خۆیان یان مێژووی حزبەكانی خۆیان، لایەنی سۆزداری بەسەریاندا زاڵ دەبێت و دەكەونە ژێر كاریگەریی بەرژەوەندیی شەخسی، سیاسی، حزبی، ئابووری، بازرگانی، ئایینی، مەزهەبی، نەتەوەیی، ناوچەگەریی و..هتد. هەندێجاریش سۆزداری بەشێوەیەک زاڵ دەبێت کە بەشێک یان كۆی مێژووە نوسراوەكە، مۆركی پڕوپاگەندە لەخۆ دەگرێت.
ـ لەكاتێكدا مێژووناسان ئەو كەسانەن كە پشت بە بەڵگەنامە هەمەجۆرەكان و میتۆدێكی زانستی دەبەستن و هەوڵدەدەن بەشێوەیەكی بێلایەنانە و راستگۆیانە و دوور لە هەر گوشار و مەیلدارییەك توێژینەوەی زانستی لەسەر رووداوێكی مێژوویی ئەنجام دەدەن و بەو هۆیەوە دەگەنە ئەنجامێكی زانستی.
بەپێی ئەم بەراوردكارییە بێت، زۆرترین ئەو كتێب و پەرتووكانەی لەسەر مێژووی گەلی كوردستان و مێژووی حزبە سیاسییەكانی كوردستان نووسراون، لەلایەن مێژوونووسانەوە نووسراون، نەك مێژووناسان، بەتایبەتی لەلایەن ئەو كەسانەوە نووسراون كە بەشداربوون لە شۆڕشەكاندا و هەوڵیانداوە بیرەوەرییەكانی خۆیان بنووسنەوە و هەست و سۆز و بیركردنەوەی خۆیان تێكەڵ بە رووداوەكان بكەن.
ئەم راستییە بۆ یەكێتییش هەر راستە، چونكە بەهەمانشێوە هێشتا مێژووی یەكێتی و شۆڕشی نوێ لەلایەن تیمێكی شارەزای مێژوونووسان و بە رێبازێكی زانستییانە نەنووسراوەتەوە و پێشكەش بە پەڕتووكخانە و ناوەندە زانستی و پەروەردەیی و مێژووییەكانی هەرێمی كوردستان نەكراوە. ئەمەش بە كەموكوڕی وکەمتەرخەمی بۆ خودی یەكێتی دەگەڕێتەوە .
ـ زۆرترین ئەو كەسایەتییانەش سەركردە و فەرماندەی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن کە بیرەوەرییەکانی خۆیان بەشێوەی کتێب و پەڕتووک و نامیلکە تۆمارکراون، هۆكاری ئەمەش بۆ ئەو ئازادییە دەگەڕێتەوە كە یەكێتی بۆ ناوخۆ و دەرەوەی خۆی رەخساندوویەتی، بەڵام لەناو حزبەكانی دیكەدا زیاتر سەرۆك و سكرتێر و رابەری حزبەكان بەناوی نووسینی بیرەوەرییەكانیان هەوڵیانداوە مێژووی حزبەكانی خۆیان بنووسنەوە و تەنها ئەو بەڵگەنامانە بڵاوكراونەتەوە كە خۆیان پێیان باشبووە، بۆیە زیاتر لەناو یەكێتی رەخنە و بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەو پڕتووكانە دروست دەبن، كە لەلایەن سەركردەكانی یەكێتی و وەكو بیرەوەری بڵاودەكرێنەوە و دەبنە بابەتی میدیایی.
ئەم کەمتەرخەمییە لە نووسینەوەی مێژووی شۆڕشەکانی گەلی کوردستان بەتایبەتی شۆرشی نوێ بۆتە هۆی ئەوەی کە لەدوای تێپەڕبوونی (50) ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی و تێپەڕبوونی (49) ساڵ بەسەر بەرپابوونی ئەو شۆرشە بەردەوام و درێژخایەن و بەرهەمدارەی کە باشووری کوردستانی لەژێر چنگی رژێمێکی دیکتاتۆر و دڕندە رزگارکردووە و پەیامی رزگاری لە قەندیلەوە گەیەنراوەتەوە کۆشکی کۆماری لە بەغدا، کەچی هێشتا ناوی رابەری ئەو شۆڕشە و یەکەم سەرۆک کۆماری کوردی هەڵبژێردراوی عیراق کە روڵی سەرەکی هەبووە لە رووخانی رژێم و بنیاتنانی عیراقێکی نوێی دیموکراتی و پەرلەمانی و فیدراڵی و فەراهەمکردنی بەشێکی زۆر لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان لەناو دەستووری عیراقدا نەخراوەتەناو پرۆگرامی خوێندنەوە، بەتایبەتی لەناو لاپەڕەکانی پەڕتووکی مێژوویی گەلی کوردستان !.
سی و چوار ساڵە خەڵكی كوردستان لە سایەی بەرهەمی ئەو شۆڕش و خەباتە بە ئازادی دەژین و پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لەسەرتاسەری هەرێمی کورستان بە زمانی کوردی بەردەوامە و پرۆگرامی پەروەردە و فێربوون لەلایەن وەزارەتێکی خۆماڵییەوە ئامادەدەکرێت، كەچی هێشتا مێژووی دەیان سەروەریی و داستان و نەبەردییە كەم وێنەكانی ئەو شۆڕشە نوێیە نەكراوەتە بەشێك لە پرۆگرامی خوێندن و قوتابی و خوێندكارانمان بە مێژووی ئەو شۆرشە ئاشنا نەکراونەتەوە!.
هۆكاری ئەم كەمتەرخەمییە بە پلەی یەكەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە هێشتا مێژووی شۆڕشەكانی گەلی كوردستان لەلایەن تیمێكی پسپۆڕ و بێلایەنەوە نەنووسراوەتەوە. هۆکاری دووەم بۆ کەمتەرخەمیی یەکێتی دەگەڕێتەوە.
هەرچەندە لەپاڵ نووسینی بیرەوەرییەكان، چەند كەسێكی مێژووناس بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە مێژووییەكان لێكۆڵینەوەی زانستییان ئەنجامداوە لەسەر هەندێ رووداوی مێژوویی تایبەت بە مێژووی یەكێتی و هەندێک ئۆرگانیش وەك دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، بۆردی هۆشیاری، بۆردی راگەیاندنی سەر بە مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، سەنتەری دیراسات و بەشێك لە ئۆرگانەكانی دیكە و هەروەها ئامادەكردنی ئینسكلۆپیدیای یەكێتی، هەنگاوی زۆرباشن، بەڵام هێشتا پێویستمان بە لیژنەیەكی پسپۆڕ و تایبەتە بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم بەڵگەنامە مێژووییەكان و نووسینەوەی مێژووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشێوەیەكی زانستی و دروستكردنی ئەرشیف و مۆزەخانەیەكی تایبەت بە خەباتی یەکێتی و شۆڕشی نوێ كە ئەمەش ئەركی راستەقینەی ئۆرگان و پسپۆڕانی یەكێتییە بۆئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی رەسمی و زانستی و گوزارشت لە خەبات و قوربانیدان و سەروەری و دەستکەوتەکانی یەکێتی، بکات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP