ئیدارەکەی ترەمپ ڕێگری دەکات لە ناسا، بۆ دەستڕاگەیشتن بە ڕاپۆرتە گرنگەکانی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ئاشکراکردنی بۆخەڵک و ویلایەتەکان و حکومەتە ناوخۆییەکان.
لە سەرەتای مانگی تەمموزی ئەمساڵەوە، ماڵپەڕە فەرمییەکانی حکومەتی ئەمەریکا کە هەڵسەنگاندنی کەشوهەوای متمانەپێکراو و پێداچونەوەی هاوتایان بڵاودەکردەوە، کە تێیدا وردەکاری و پێشبینیان دەکرد لەبارەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و باشترین ڕێگاکانی گونجاندن لەگەڵیدا، داخران.
لە بەرامبەر ئەم داخستنەدا، کۆشکی سپی بەهانەی ئەوەی هێنایەوە کە لە بری ئەوان دەزگای ناسا هەیە و ئەو ڕاپۆرتانە بڵاودەکاتەوە، دەزگاکە پابەندە بە یاسایەکی ساڵی 1990، کە وای لێدەکات پێشبینییەکان و زانیارییەکان لەسەر کەشوهەوا بڵاویان بکاتەوە، پێشتریش ناسا ڕایگەیاندبو کە پلانی هەیە بەردەوام بێت و ئەو کارە بکات.
بەڵام ڕۆژی دوشەممەی رابرود لە بڕیارێکی لە ناکاودا، ناسا ڕایگەیاند کە ئەو پلانانەی هەڵوەشاندوەتەوە و چیتر هەڵسەنگاندنە نیشتمانییەکانی کەشوهەوا بڵاوناکەنەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ڕاپۆرتێکی ناسادا لە ساڵی 2023 بەوردی تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن گۆڕانی کەشوهەوا مەترسی لەسەر تەندروستی و ئاسایش و بژێوی ژیان دروست دەکات، کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان مەترسی زیاتریان لەسەرە، ئەم راپۆرتەش دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە و ناسا ئاماژەی بەوەکرد، لەڕوی یاساییەوە پابەند نییە ئەم زانیاریانە بڵاوبکاتەوە.
دوای ئەو دەنگدانەوەیە جارێکیتر و لە 3ی تەمموزی ڕابردودا، ناسا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا نوسیبوی "هەمو ڕاپۆرتەکانی پێشو لە ماڵپەڕەکەدا بڵاودەکرێنەوە، ئەمەش دڵنیای دەدات لە بەردەوامیی ڕاپۆرتەکان".
بەڵام ڕەخنەگرانی بڕیارەکە لە نێویاندا زانایان، ئیدارەکەی ترەمپیان بەوە تۆمەتبار کردوە، کە دەستی خستوەت کارەکانی ناساوە و ڕێگری دەکات لەوەی تەواوی زانیارییەکان لەسەر دۆخی کەشوهەوا بڵاوبکرێتەوە و بگاتە هاوڵاتییان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP