وەفدی هەرێمى کوردستان چەند ڕۆژێکى دیکە لەبەغدا دەمێننەوە

کوردستان
12:51 - 2025-07-09

لەبارەی مووچە و نەوت ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێمى کوردستان پێکهێنا، لیژنەکە ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوە دەکات و وەفدی کوردستانیش بەشدار دەبێت، کات بۆ لیژنەکە دانراوە و دەبێت لە ماوەی کەمتر لە سێ ڕۆژدا ڕاپۆڕتێک بۆ سوودانی ئامادە بکەن. 
هەر ئەمشەو بەرپرسانی کورد لە بەغدا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ  لەگەڵ لیژنەکەی حکومەتی عێراق بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی مووچە.
دوێنێ ئەنجومەنى وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی هەفتانەیدا بەسەرۆکایەتیی سوودانی لەبارەی خەرجکردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێکهێنا و ڕایسپارد بەخێرایی گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو حکومەت بکرێت و  پێشنیازی هەردوولا وەربگیرێت، دواتر ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ڕێکبخات و بڕیار بدات.
لیژنەکە لە پێنج وەزیر پێکهاتووە، وەزیرێکی سوننە سەرۆکایەتی دەکات و دوو وەزیری شیعە و دوو وەزیری کورد لە لیژنەکە ئەندامن.
بەپێى زانیارییەکان نیوەڕۆی ئەمڕۆ لیژنەکە یەکەم کۆبوونەوەی دەکات، لەگەڵ وەفدی کوردستان و وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیدار بە نەوت و مووچە کۆدەبنەوە. دواتر ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە دەکەن و ئاراستەی سوودانی دەکەن، سوودانیش کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران ڕێکدەخات و بڕیاری لەسەر دەدات.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP