پەكەكە: چەند ڕۆژی داهاتوو گروپێكی هێزەكانمان چەكەكانیان لە سلێمانی ڕادەست دەكەن

کوردستان
14:03 - 2025-07-02

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری بەپرسانی پەكەكەوە بڵاویكردەوە، چەند ڕۆژی داهاتو گروپێكی بچوكی هێزەكانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، چەكەكانیان لە شوێنێكی  سلێمانی رادەست دەكەن، بەرپرسێكی ئەمنیش دەڵێت، "پڕۆسەی رادەستکردنەکە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت". 

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لەزاری دو سەرچاوەی پەكەكەوە لە هەرێمی كوردستانەوە بە بڵاویكردەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتودا گروپێکی بچوکی هێزەكانیان، چەکەکانیان لە شوێنێکی شاری سلێمانی رادەست بکەن.

یەکێک لە سەرچاوەکان بە رۆیتەرزی راگەیاندوە، ئامادەکارییەكان بۆ رادەستکردنەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی ئەمنیی لە سلێمانی بەردەوامە.

سەرچاوەكەی دوەمی پەکەکە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە، رێورەسمی داماڵینی چەک، وەک ئاماژەیەکی نیازپاکی دەبێت، کە ئامانج لێی دروستکردنی متمانەو رێگە خۆشکردنە بۆ ئەوەی حکومەتی تورکیا هەنگاوی زیاتر بنێت و بەڵێنەکانی بەرامبەر ئاشتیی هەمیشەیی جێبەجێ بکات.

لایخۆیەوە عومەر چیلیك، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا ڕایگەیاندوە، پەکەکە لە ماوەی چەند رۆژێکدا دەست بە رادەستکردنی چەکەکانی دەکات، ئەوەش لە رونترین ئاماژەدانە بەوەی، هەوڵەکان بۆ چەکداماڵین رەنگە نزیک بوبێتەوە لەوەی بە ئەنجام بگات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP