ئەكادیمیای پەروەردەو پەرەپێدانی كادیران، پێشوازیی لە كەسایەتی و تێكۆشەری دێرینی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان د.ئەرسەلان بایز كرد.
بە ئامادەبوونی د. یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتیی و ستران عەبدوڵڵا لێپرسراوی سكرتاریەتی مەكتەبی سیاسی و د. مۆفەق خالد لێپرسراوی ئەكادیمیای پەروەردەو پەرەپێدانی كادیران پێشوازیان لە هەڤاڵ د.ئەرسەلان بایز كردو لە سیمینارێكدا بۆ خوێندكارانی دبلۆمی باڵای كاری حزبی باسی لە ئەزموونی كاری سیاسی و شۆڕشی نوێ بە گشتی كرد.
لە وتەیەكدا، د. یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی وتی: "ئەمڕۆ خۆشحاڵین كە پێشوازیمان لە كەسایەتی و تێكۆشەری دێرینی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان، د.ئەرسەلان بایزكردووە، كە لە دەیەی شەستەكانی سەدەی رابردووەوە بێ دابڕان و ماندوونەناسانە لە رۆژگاری سەخت و دژواری گەلەكەماندا بێوچان بەردەوام بووە و جێ دەستی لە قۆناغی سەردەمی شاخ و دوای راپەڕینیش تا ئەم ساتەوەختە دیار بووە.
ئاماژەی بەوەشكرد: "جگە لەوەی هەڤاڵ د.ئەرسەلان بایز، وەك سیاسی و تێكۆشەری ناو بزووتنەوەی رزگاری خوازی گەلەكەمان دەناسین، وەك نووسەر و راگەیەندكارێكی دیاری ناو شۆڕشی نوێ و دوای راپەرینیش دەناسین. كاروانی خەباتی ئەو لەو بوارەدا لە رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان و رێبازی نوێ تا رۆژنامەی كوردستانی نوێ لە بواری راگەیاندن درێژ دەبێتەوە".
ئەوەشی وت: "ئەمڕۆ لێرەین تا لە قۆناغێكی نوێی پەروەردەی كادیران لە ئەزموونی ئەوەوە زۆر شت فێر بین و بزانین".
كادیری نەوعی پەروەردە بكەین
دواتر د.ئەرسەلان بایز، لە سیمینارەكەیدا سەرەتا دڵخۆشی خۆی بە دووبارە دەستپێكردنەوەی خولی پێگەیاندنی كادیران كردەوە و رایگەیاند: "جیاوازییەكی زۆر لە نێوان ئێستا و رابردوو سەبارەت بە پەروەردە و پەرەپێدانی كادیران دەبینم، كە كادیرانمان دەتوانن لەو ماوە درێژەی خوێندنی دبلۆمی كاری حزبیدا زۆر شت فێر ببن و ببنە كادیری نەوعی لە ئۆرگانەكانی حزب و حكومەتدا لە داهاتوودا رۆڵی خۆیان بگێڕن".
كۆمەڵە و كاری رێكخراوەیی
دواتر لەبارەی خەبات و كاروانی سیاسیی خۆی یەك بەیەك و بە وردی باسی لە قۆناغەكانی ژیانی سیاسی خۆی و هەڤاڵەكانی كرد. د. ئەرسەلان بایز لە شەستەكانی سەدەی رابردووەوە هاتووەتە ناو دنیای سیاسەت و كاری حزبییەوە، لە سەرەتای دەیەی حەفتاكان دەبێتە ئەندامی كۆمەڵەی ماركسی-لینینی و دواتریش دەبێتە لێپرسراوی كۆمەڵە لە هەولێر، وەك خۆی باسی دەكات: "قۆناغی سەرەتای كاركردن لە ناو كۆمەڵەدا، قۆناغێكی سەخت و دژوار بوو، چونكە لە سەرێك مەترسی رژێمی بەعسمان لەسەر بوو، لەسەرێكی تریشەوە نەماندەتوانی بە ئاشكرا لەبەر پارتی دیموكراتی كوردستان كاری رێكخراوەیی خۆمان بكەین".
دواتر باسی لە ئاشكرابوونی رێكخستنەكانی كۆمەڵە و رۆشتنی شەهید شەهاب و هاوڕێكانی بۆ دەرەوەی وڵات و دەستگیركردنیان كرد و وتی: "لەو قۆناغەدا كۆمەڵە رووبەڕووی زەڕبەیەكی گەورەی سیاسیی و رێكخراوەیی بوو".
رۆڵی راگەیاندن لەسەردەمی شاخدا
لەبەشێكی دیكەی سیمینارەكەیدا باسی لە راگەیاندنی یەكێتی لەسەردەمی شاخ كرد و وتی: "راگەیاندن لەپاڵ خەباتی چەكداریكدا یەكێك بوو لە چەكە گرنگەكانی هێرشكردنە سەر رژێمی بەعس. ئەمەش وایكردبوو كە خەڵك لە یەككاتدا گوێ لە رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان بگرن و هەواڵ و زانیارییەكانی شۆڕش و یەكێتی لەوێوە بزانن".
باسی لەوەشكرد: "سەرۆك مام جەلال لە سەردەمی شاخەوە تا دوای راپەڕینیش پێی وابوو دەبێت ئێمە راگەیاندنێكی ئازادمان هەبێت و ببێتە سەكۆیەك رای ئازاد. ئەمەش بەتایبەت لە دوای راپەڕین و لە رۆژنامەی كوردستانی نوێدا زیاتر رەنگی دایەوە".
دوای تەواوبوونی سیمینارەكەش د. ئەرسەلان بایز گوێی لە سەرنج و پرسیاری خوێندكاران گرت و وەڵامی پرسیار و سەرنجەكانی دایەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP