ئەو كۆبوونەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و هەرێمی كوردستان كە لەم هەفتەیەدا ئەنجامدران بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بێ سوودبوون و باسی مووچەیان تێدا نەكرا، لەكاتێكدا مووچەخۆران نزیكەی 60 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە و چارەنوسی ئەو دوو مووچەیەیان بەنادیاریی ماوەتەوە.
كۆبوونەوەی حكومەتی هەرێم بێ باسی مووچە كۆتایی هات
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ی 7ی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەوە و هیچ بڕیارێكیش لەبارەی دابەشكردنی مووچەوە نەدرا.
بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، "لەكۆبوونەوەكەدا تاوتوێی كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەفدی حكومەتی فیدراڵی بەئامادەبوونی نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان سەبارەت بەدەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگای كۆمپانیا سۆمۆوە كراوە، هاوكات راپۆرتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سەبارەت بەخانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەبارەوە كراوە"، بەپێی راگەیەنراوەكە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باسی مووچە نەكراوە.
لەكۆبوونەوەی حكومەتی عیراقدا باسی مووچە نەكرا
هەروەها دوێنێ سێ شەممە 1ی7ی2025 كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ئەنجامدرا و لەو كۆبوونەوەیەشدا بەهیچ شێوەیەك باسی ناردنی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان نەكراوە.
سەرچاوەیەكی ئامادەبوو لە كۆبوونەوەكە بە PUKMEDIA ی راگەیاندبو: "لەكۆبوونەوەكەدا هیچ بڕیارێك لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانەوە نەدراوە، تەنانەت باسی ئەو بابەتەش نەكراوە".
بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە،"پرسی ناردنی مووچەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە بەستراوەتەوە بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، لەگەڵ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای كردووە مووچەی مانگێك بنێردرێت تاوەكو دەگەنە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی هەناردەی نەوت، بەڵام حكومەتی عیراق تائێستا رەزامەندی نەداوە".
چاوەڕوانی مووچەخۆران درێژەی كێشا
هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چاوەڕوان بوون لە كۆبوونەوەكانی ئەم هەفتەیەی هەردوو حكومەتدا بڕیاری ناردن و دابەشكردنی مووچەی مانگی ئایار بدرێت، بەڵام لە كۆبوونەوەكاندا باسی مووچە نەكرا.
مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نزیكەی 60 رۆژە هیچ مووچەیەكیان وەرنەگرتووە و چاوەڕوانی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا دەكەن، بەڵام بۆ هەفتەی داهاتوو چاوەڕوانییەكەیان درێژەی كێشا و دیارنییە كەی بەغدا مووچە دەنێرێت و كەی حكومەتی هەرێم دابەشی دەكات.
هەرچەندە لەرۆژی 25ی6ی2025 وە حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی شەش-یشی بۆ وەزارەتی دارایی عیراق ناردووە، بەڵام دارایی عیراق هێشتا ئامادە نییە مووچەی مانگی ئایار بۆ هەرێم بنێرێت، بەپێی زانیارییەكانی PUKMEDIA، تائێستا لیستی مووچەی مانگی حوزەیران وردبینی بۆ نەكراوە.
مووچەخۆران لەبارودۆخێكی خراپدان
لەو بارەیەوە هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ PUKMEDIA وتی: "مووچەخۆرانی هەرێم لە بارودۆخێكی زۆر خراپدان و پێویستە هەردوو حكومەت رێگەچارەیەك بۆ ئەم بارودۆخە خراپە بدۆزنەوە".
"بەشێكی زۆری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەندی بەداواكاری كۆمپانیاكانی نەوتەوە لە هەرێم هەیە و ناكرێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەوە زیاتر بكرێتە قوربانی داواكاری و بەرژەوەندی كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان".هەرێم كەمال ئاغا وادەڵێت.
رۆژی 13ی5ی2025، وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم، لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی بڵاوكردەوە و بەگوێرەی خشتەكەش لەماوەی چوار رۆژدا سەرجەم مووچەخۆران مووچەیان وەرگرت، بەڵام لەو وادەیەوە هەتا ئەمڕۆ 2ی7ی2025 كە نزیكەی 60 رۆژ دەكات، مووچەخۆرانی هەرێم هیچ مووچەیەكیان پێنەدراوە، لەكاتێكدا مووچەخۆرانی عیراق مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرگرتووە و دەستبە دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمووزیش كراوە.
مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چاوەڕوان بوون دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵای مووچەخۆرانی هەرێم كە دادگاكە تۆماریان كردبوو، بڕیارێكی سالاری دەربكات، بەمەش كۆتایی بە راگرتنی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە بهێنرێت، بەڵام رۆژی 16ی6ی2025 نۆ ئەندامی دادگاكە كە لەشەش ئەندامی سەرەكی و سێ ئەندامی یەدەگ پێكهاتبوون، بەهۆی ناكۆكییەكانیان لەگەڵ سەرۆكی دادگاكە دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش كرد و ئەو چاوەڕوانییەی مووچەخۆرانی هەرێمیش وەك خۆی مایەوە.
لە ماوەی سێ مانگدا مووچەخۆران یەك مووچەیان پێدراوە
مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەدوای جەژنی رەمەزانەوە تا ئەمڕۆ 2ی7ی2025 تەنها یەك مووچەیان پێدراوە و مووچەی مانگەكانی ئایار و حوزەیرانیان پێ نەدراوە و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: "مووچەخۆران دڵنیا دەكەمەوە كە مووچەكانیان نافەوتێت و سوپاسی خۆڕاگرییتان دەكەم".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP