سێ نوسینگەی گومرگی لە بازگەکانی ( چیمەن و سەدە و دارەمان ) ده‌کرێنەوە

کوردستان
16:38 - 2025-07-02


بڕیارە بەمنزیکانە سێ نوسینگەی گومرگی  لە هەریەکە لە بازگەکانی ( چیمەن و سەدە و دارەمان ) بکرێنەوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق-یش رایدەگەیەنێت:"لەڕێگەیانەوە کاڵاکانی هەرێم بۆ پارێزگاکانی تری عیراق دەنێردرێن".

د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند:"بڕیارە بەمنزیکانە سێ نوسینگەی گومرگی لە هەریەکە لە بازگەکانی ( چیمەن و سەدەو دارەمان ) بکرێنەوەو لەڕێگەیانەوە کاڵاکانی هەرێم بۆ پارێزگاکانی تری عیراق بنێردرێن".

"ئەمڕۆ  1ی 7ی 2025 بانگهێشتی سەرۆکی دەستی گومرگی عیراقمان کرد و  گفتوگۆمان لەسەر بڕیاری 270 ی ئەنجومەنی ئابوری عیراق کرد،  تاوەکو ئێستا گرفت هەیە لەبەردەم بۆ هەناردە کردنی کاڵا لە هەرێمەوە بۆ پارێزگاکانی تری عیراق، لەهەمان کات داوامان کرد کە پێداچونەوە بکرێت بەو بڕیارەی ئەنجومەنی ئابوری و دەرفەت بدرێت چەند مانگێک بۆ تێپەڕبوونی ئەو کاڵایانەی کە پێشتر داواکراوە، چونکە بڕیاری ئەنجومەنی ئابوری کوتوپڕ بووە و بەشێکی زۆری بازرگانان ئاگادار نەبوون"، د.بڕیار رەشید وایوت.


ئەمەش لەکاتێکدایە،لە ماوەی رابردوودا بەشێک لە هاووڵاتیان و بازرگانان بەمەستی گەیاندنی داواکارییەکانیان پەیوەندیان  بە لیژنەی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە کرد، ئەمڕۆش لەسەر داواکاری لیژنەکە بانگهێشتی سەرۆکی دەستی گومرگی عیراق  کرا و چەند پرسێک تاوتوێکران.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP