تاوەکو ئێستا دیار نییە تورکیا قەدەخەی گەشتەکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژ دەکاتەوە یان نا

کوردستان
10:20 - 2025-07-03


ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆککۆماری تورکیا تیمێکی راسپاردووە بۆ تاوتوێکردنی ئەو گەمارۆیەی لەلایەن وڵاتەکەوە خراوەتە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی. راشیگەیاند، "ئاماژەی ئەرێنی" بۆ لابردنی گەمارۆکە هەیە.
 کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  راگەیاند: "رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا تیمێکی بۆ پەیوەندی و گفتوگۆکردن لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت راسپاردووە، بۆ چارەسەرکردن و هەڵسەنگاندنی قەدەخەکردنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا، دواتر ئەو تیمە هەڵسەنگاندنەکە بە ئەردۆغان دەدەن".

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە "ئاماژەی ئەرێنی هەن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان" و وتی، "ئەگەر پەیوەندیی یەکێتی و تورکیا باشبێت، ئەوا گەشتەکان ئاسایی دەبنەوە، چونکە فڕۆکەخانە بەشێکە لە پەیوەندییەکانیان".
 دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. کاروان یاروەیس ئەندامی شاندەکەی پەرلەمانی عێراق بوو.
 ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وتی، "پەیوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ تورکیا ئێستا هەنگاو دەنێت بۆ قۆناخێکی باشتر و خەریکە ئاسایی دەبێتەوە".
 لە 03-04-2025ـەوە کۆمپانیای تورکیش ئێیرلاینز گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە راگرتووە. لە هەمان کاتدا تورکیا رێگە نادات ئەو فڕۆکانەی دەچنە سلێمانی و ئەوانەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەچنە فڕۆکەخانەکانی دیکە، بە ئاسمانی تورکیادا تێپەڕن.









بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP