لە32 خۆپیشاندانی هەرێم 16 چالاکییان بۆ مووچە بووە

کوردستان
16:07 - 2025-07-02


لە مانگی حوزیران-ی ئەمساڵدا 32 چالاکی خۆپیشاندان و نارەزایی لەشارەکانی هەرێمی کوردستان کراون و لەو ژمارەیە 16 چالاکیان بۆ داخوازی مووچە بووە، تۆڕی 19 بۆ چاودێریی ئازادی رادەربڕین-یش دەڵێت: "بۆ یەکەمینجارە ئاسایش داوای لێبوردن دەکات، کە ئاسایشی سلێمانییە".

ئەمڕۆ 2ی7ی2025 تۆڕی 19 بۆ چاودێریی ئازادی رادەربڕین، کە لە كۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ پێکهاتووە، لە راپۆرتێکیدا ناڕەزاییەکانی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵی بڵاوکردەوەو رایگەیاند:" لە شارەكانی هەرێمی كوردستان هاووڵاتیان (32) چالاكی ناڕەزایی، خۆپیشاندان، بایكۆت، گردبوونەوەیان رێكخستووە".

بەگوێرەی ئەو داتایەی تۆڕەکە خستویەتییەڕو،  سلێمانی لە پلەی یەکەمدایە کە (18) چالاكی ئەنجامداوە، (8) چالاكی لە هەولێر، (1) چالاكی لە هەڵەبجە، (1) چالاكی لە ئیدارەی راپەرین، (4) چالاكیش لە ئیدارەی گەرمیان بووە، کە (16) چالاكی بۆ مووچەبووەو (9) چالاكی بۆ داواكاری دامەزراندن، (3) چالاكی بۆ خزمەتگوزاریی، (1) چالاكی بۆ ئیدانەكردنی جەنگ، (3) چالاكی داخوازی جیاجیا بوون".

ئەو هێڵکارییانەی تۆڕەکە بڵاویکردووەتەوە، ئەوە رووندەکەنەوە، کە 50ناڕەزایی و خۆپیشاندان بۆ داواکردنی مافی مووچە ئەنجامدراون و  29% بۆ دامەزراندن بووە، هاوکات 56% چالاکیەکانیش لە سلێمانی بووەو لەدهۆک هیچ تۆمارنەکراوە و 25% لە هەولێر بووە و 13% لە گەرمیان و 3% لە هەڵەبجەو 3%دیکەش لە راپەرین بووە.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە ژمارەیەک هاووڵاتی شاری سلێمانی دەستگیرکراون و بەوهۆیەشەوە بۆ یەكەمینجار دەزگای ئاسایشی هەرێم داوای لێبووردنی لە دەستگیركراونی سلێمانی كرد.

 هەر بەپێی راپۆرتی تۆڕەکە کە سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەکات ئاماژە بەوەشدراوە:"دوو حاڵەتی پەشیمانكردنەوە (ئەوەی لە ئاستی میللی پێیدەوترێت رادیۆ) لە دهۆك تۆماركراوە، هەردوو هاوڵاتییەكە لێدوانی رەخنەگرانەیان بڵاوكرایەوە، دواتر لێدوانی پەشیمانبوونەوەیان بڵاوكرایەوە و پەرلەمانتارێکیش لە دهۆک رفێندرا".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP