له‌ كه‌ركوك سزای فڕیدانی پاشماوەو خاشاكی بینا لە شوێنی گشتیی یەك ملیۆن دیناره‌

کوردستان
16:49 - 2025-07-08


ئەنجومەنی رێكخستنی ناو شاری كەركوك سێ بڕیاری نوێی بۆ سزادانی سەرپێچیكاران دەكردو بەپێی بڕیارەكە هەر كەسێك لە جامی ئۆتۆمبێلەكەیەوە پاشماوەو شتومەك فڕێبداتە سەرشەقامەكان 250 هەزار دینار سزا دەرێت و شتنی ئۆتۆمبێلیش لەبەر دەرگا 50 هەزار دینار سزای بۆ دیاركراوە.

ئەمڕۆ 8ی 7ی 2025، ئەنجومەنی رێكخستنی ناو شاری كەركوك، سێ بڕیاری بۆ سزادانی ئەو سەرپێچیكارانە دەركرد كەپاشماوەی بیناسازی لە شوێنە گشتییەكان فڕێدەدەن لەگەڵ ئەو كەسانەی شتومەك لەجامی ئۆتۆمبێلەوە فڕێدەدەنە سەر شەقامەكان و ئەوانەشی كە ئۆتۆمبێل لەبەردەرگا دەشۆن.

بەگوێرەی نوسراوێكی ئەنجومەنی رێكخستنی ناو شاری كەركوك كه‌ ژمارە 17ی 7/7/2025 ی له‌سه‌ره‌، ئەو كەسانەی پاشماوە و خاشاكی بینا و باڵەخانەكان لە شوێنە گشتییەكان رۆدەكەن و  و نایبەنە شوێنی دیاریكراو بە بڕی یەك ملیۆن دینار سزا دەرێن .

 هەر بە گوێرەی نووسراوە رەسمییەكە، كە تایبەتە بەو سەرپێچیانە و بڕی سزاكەشی تێدایە، هەركەسێك لە جامی ئۆتۆمبێلەكەیەوە پاشماوە فڕێبداتە سەر شەقامەكان  بەبڕی 250 هەزار دینار سزا دەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هاووڵاتیان دەكرێن بە چاودێر و دەتوانن وێنە و ڤیدیۆی سەرپێچییەكان بۆ موختاری ناوچەكە یان واتسئەپی ژمارە 07702808284  بنێرن، هاوكات ئەو كەسانەشی كە لەبەردەرگا یان رێگا و شوێنە گشتییەكان ئۆتۆمبێل دەشۆن، بەبڕی 50 هەزار دینار سزا دەدرێن.

لەوبارەیەوە، د.ئەحمەد كەركوكی، سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك،  راگەیاند: "ئەم بڕیارانە لە ئەنجامی هەوڵ و بەدواداچوونی بەردەواممان بۆ پاراستنی ژینگەی كەركوك دەركراون و داوا لە هاووڵاتیان دەكەین پابەندی بڕیارەكانبن، چونكە بۆ بەرژەوەندی گشتیی و ژینگەی شارەكەیە".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP