سێ نوسینگەی گومرگی لەبازگەکانی چیمەن و سەدە و دارەمان دەکرێنەوە

کوردستان
10:28 - 2025-07-02

بڕیارە بەمنزیکانە سێ نوسینگەی گومرگی  لە هەریەکە لە بازگەکانی ( چیمەن و سەدە و دارەمان ) بکرێنەوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق-یش رایدەگەیەنێت:"لەڕێگەیانەوە کاڵاکانی هەرێم بۆ پارێزگاکانی تری عیراق دەنێردرێن".
د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراکسیۆنی یەکێتی راگەیاند:"بڕیارە بەمنزیکانە سێ نوسینگەی گومرگی  لە هەریەکە لە بازگەکانی ( چیمەن و سەدە و دارەمان ) بکرێنەوە و لەڕێگەیانەوە کاڵاکانی هەرێم بۆ پارێزگاکانی تری عیراق بنێردرێن".

وتیشى  بانگهێشتی سەرۆکی دەستی گومرگی عیراقمان کرد و  گفتوگۆمان لەسەر بڕیاری 270 ی ئەنجومەنی ئابوری عیراق کرد،  تاوەکو ئێستا گرفت هەیە لەبەردەم بۆ هەناردە کردنی کاڵا لە هەرێمەوە بۆ پارێزگاکانی تری عیراق، لەهەمان کات داوامان کرد کە پێداچونەوە بکرێت بەو بڕیارەی ئەنجومەنی ئابوری و دەرفەت بدرێت چەند مانگێک بۆ تێپەڕبوونی ئەو کاڵایانەی کە پێشتر داواکراوە، چونکە بڕیاری ئەنجومەنی ئابوری کوتوپڕ بووە و بەشێکی زۆری بازرگانان ئاگادار نەبوون"، د.بڕیار رەشید وایوت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا بەشێک لە هاووڵاتیان و بازرگانان بەمەستی گەیاندنی داواکارییەکانیان پەیوەندیان  بە لیژنەی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە کرد، لەسەر داواکاری لیژنەکە بانگهێشتی سەرۆکی دەستی گومرگی عیراق  کرا و چەند پرسێک تاوتوێکران.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP