فراکسیۆنى یەکێتی راگەیەندراوێکى لەبارەى کەوتنەخوارەوەی 2 درۆن لە سنووری سلێمانی بڵاوکردەوە

کوردستان
10:23 - 2025-07-02

فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، راگەیاندراوێکی لەبارەی کەوتنەخوارەوەی دوو درۆن لە سنووری سلێمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئامانج لەم کردەوانە، پێشێلکردنی سەروەریی خاک و ئاسمانی عێراق و کوردستانە، داواش لە محەمەد شیاع سودانی دەکات لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت.
فراکسیۆنی یەکێتیی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئیدانەی ئەو کارە تاوانکارییە دەکەین، کە لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبرێژکراوەوە بارەگای هێزەکانی 70 لە ناوچەی تاسڵوجە لە پارێزگای سلێمانی بەئامانج گیرا" .
راشیانگەیاندووە، ئامانج لەم کردەوانە پێشێلکردنی سەروەریی خاک و ئاسمانی عێراق و کوردستانە هەروەها ئاسایشی ناوچەکە و ژیانی هاوڵاتییانی سڤیل دەخاتە مەترسییەوە.
فراکسیۆنى یەکێتى، ئەوەشى خستووەتەڕوو، بەهەمانشێوە دوو رۆژ لەمەوبەر پارێزگای کەرکوک بەئامانج گیرا و شەوى رابردووش سلێمانی، ئێمە لە کاتێکدا ئیدانەی ئەو کردەوانە دەکەین، داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین، لیژنەیەکی بە دواداچوونی بەپەلە دروستبکات بۆ دەرخستنی راستییەکان و دیاریکردنی سەرچاوەی سەرەکی هەڵدانی موشەک و درۆنەکان.
فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق داواشیکردووە، موڵک و ماڵی هاونیشتمانییان و سەروەریی وڵات بپارێزرێت بۆ رێگریکردن لە هەر کردەوەیەک کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی وڵات و پێکەوەژیان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP