رۆژنامەی سەباح ناوەڕۆکی رێککەوتنی سەرەتایی نێوان هەرێم و بەغدا بڵاودەکاتەوە

کوردستان
14:20 - 2025-07-08

رۆژنامەی سەباحی عیراقی رایدەگەیەنێت حکومەتی فیدراڵ و هەرێم لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون، بەپێی رێککەوتنەکە حکومەتی هەرێم 300 هەزار بەرمیلی رۆژانە رادەستدەکات و 46 هەزاریش وەک بەکارهێنانی ناوخۆیی دەهێڵێتەوە.

بەپێی رۆژنامەکە لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوودا هەوڵێکی زۆر دراوە تاوەکو کێشەکانی نێوان عیراق و هەرێم چارەسەربکرێت لەسەروی هەموویانەوە کێشەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت.

سەباحی عیراقی ئاشکراشی کردووە بەپێی رێککەوتنی سەرەتایی نێوان حکومەتی هەرێم و عیراق، رۆژانە هەرێمی کوردستان 300 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆوە رادەستی عیراق دەکات و 46 هەزار بەرمیل نەوتیش بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی دەهێڵێتەوە.

رۆژنامە رەسمییەکەی عیراق ئاماژەی بەوەشکردووە چاوەڕاندەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا باس لە رێککەوتنەکە بکرێت و لە چەند سەعاتی داهاتووشدا بەڕەسمی ئیمزا بکرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP