بەڕێوەبەری رێکخراوی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل زیانیان بە دەیان باڵەخانە و شوقە لە کرماشان گەیاندووە.
رۆژی یەکشەممە، 13ی تەممووزی 2025، شەمسوڵڵا خودادادی، بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، 440 باڵەخانە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل زیانیان بەرکەوتووە کە 310یان شوێنی بازرگانی و 110شیان شوێنی نیشتەجێبوون بوون.
شەمسوڵڵا خودادادی گوتی: "هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ئەو زیانیانە کراوە کە بەر ئەو شوێنانە کەوتووە و پاکێجێکی دارایی بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو باڵەخانە و شوقانە ئامادە کراوە."
سەبارەت بە دابینکردنی شوێنی مانەوە بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکانەوە ماڵەکانیان زیانی بەرکەوتووە، شەمسوڵڵا خودادادی دەڵێت: "تاوەکو ئێستا هیچ خیزانێک پێویستی بەوە نەبووە شوێنی مانەوەی بۆ دابین بکرێت."
شەمسوڵڵا خودادادی ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین زیانەکانی پارێزگاکە لە شارەکانی کرماشان و سەحنە بووە.
لە 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران، دواتریش ئێران بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
رۆژی 22ـی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ـی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP