شەڕ و پێکدادانی سوەیدا ماوەی سێ ڕۆژە بەردەوامە و بەگوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا بە هۆی شەڕەکەوە 100 کەس کوژراون و زیارت لە 200 کەسیش برینداربوون.
سەرچاوە میدیاییە ناوخۆییەکانی سووریا رایانگەیاندووە: ئەمشەو شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوان هۆزە چەکدارە درووزەکان و بەدەوی لە فڕۆکەخانەی سوعلە ڕووی داوە.
هاوکات تۆڕی سوەیدا 24 بڵاوی کردەوە، لە ئێستادا شەڕێکی قورس لە چوار بەرە بەردەوامە کە بریتین لە میحوەری سوعلە، حەزم، کەناکر و میحوەرەی تەعارە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر میحوەری ڕۆژئاوای شاری سوەیدا، لە دەوروبەری گوندی کەناکر، دەنگی تەقە و تەقینەوەی قورس لەوێ دەبیسترێت، پێکدادانەکان بەردەوامی هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، حەسەن عەبدولغەنی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕایگەیاند: شەڕەکە بەرەو کۆنترۆڵکردن دەڕوات و خەڵکی سوەیدا داوای کۆتاییهێنان بە ئاژاوەگێڕییەکان و پاراستنی ژیانی بێتاوانەکان دەکەن.
وتیشی: ئێمە شەڕی هیچ کەسێک ناکەین، بەڵکو بە دوای گرووپە لە یاسا دەرچووەکان دەگەڕێین، هێزەکانمان لە چەند بەرەیەک پێشڕەوی دەکەن.
شەڕەکە چۆن سەری هەڵدا؟ گەنجێکی دروز بە ناوی فەزڵوڵڵا دەوارە، رۆژی شەممە لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا، لەلایەن گرووپێکی دەشتەکییەکانەوە دەڕفێنرێت و ئۆتۆمبێل و پارەی لێدەسێنن، بۆ ماوەی سەعاتێک دەستبەسەری دەکەن و رووبەڕووی سووکایەتی و جنێوی پێدەدەن و دواتر ئازاد دەکرێت و بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سوەیدا.
ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی دروزەکان و ئەوانیش لە بەرامبەردا هەوڵی دەستگیرکردن و رفاندنی ئەندامانی هێزە دەشتەکییەکانیان دا و لە ئەنجامدا شەڕ سەریهەڵدا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP