وادەی زاخاوی خەباتی نیشتمانییە

سەروتار
10:09 - 2025-07-17


 
پاراستنی وڵات، ئەرکێکی دەستە جەمعی
 
کوردستان، ئێستا دروست نەبووە، تەمەنی دوور و درێژە و خەڵکەکەشی دەیان هەزار ساڵە تێیدا دەژین. وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تری مرۆڤایەتی، بە قۆناغەکانی گەشەکردندا تێپەڕیووە، بەڵام بازدان بەسەر قۆناغەکاندا هەبووە، وەک میللەتانی تر نەبووە، بەتایبەتی ئەوروپا و خۆرهەڵاتی ئاسیا و تەنانەت هەندێک دەرو دراوسێش.
ئەوەی زۆر کاریگەر و بەسوێیە بۆ گەلەکەمان لە کوردستان، نەبوونی دەوڵەتێکی سیاسییە، کە خاوەن سنوور و ئاڵا و دەستوور و هەموو ئامرازەکانی دەوڵەت بێت. ئەزموونی دوای راپەڕینی هەرێمی کوردستانی عیراق وەک پەراوەیەک وایە بۆ ئەو حاڵەتە، بەڵام چۆن لە دوورینی جلوبەرگدا بەتایبەتی، چاکەتدا، پەراوەی یەکەم هەیە، ئاوهایە. لە پەراوەی یەکەمدا لەسەدا بیست و پێنجی قاتەکە ئامادەکراوە! هەرێمیش بەو شێوەیەیە! بەو چارەکەشەوە، هەردەم چاوی نەیاران و دوژمنانی لەسەرە و هەمیشە، بۆ دەرفەتێک و فرسەتێک و پاساوێک دەگەڕێن تا لاوازی بکەن و پەڕوباڵی بکەن و سەرەنجام لەباری بەرن.
کوردستان و ئەم هەرێمە، موڵکی باوباپیرانمان بووە و ئێستا موڵکی هەموومانە و بۆ داهاتووش و دوورتر، موڵکی نەوەکانی ئایندەیە. زۆرجار لە قەیران و گرفتەکاندا، هەندێک دەنگ بەرزدەبنەوە، گوایە کوردستان هەرچییەکی بەسەر دێت، باببێ، خۆ موڵکی من نییە! دەشێت ئەمە دەرەنجامی بێزاریی بێت لە نادادی و گەندەڵی و بێ بەرنامەیی و بێ متمانەیی لە دەسەڵات لە هەرێمەکەماندا، یاخود ناڕازی بوون لە شێوازی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی هەرێمدا بێ، یاخود داد و بێدادی بێ لەدەست هەڵسوکەوتی نەشیاوی هەندێک لایەن کە جگە لە بەرژەوەندیی خۆیان بیر لە بەرژەوەندیی خەڵک ناکەنەوە، بەڵام ئەو جۆرە دەربڕینی ناڕازیبوونە کاری هاووڵاتیانی نەتەوە و میللەتێک نییە کە بەدرێژایی مێژووی خەباتی خۆی سەدان هەزار قوربانیی بەخشیووە، سیفەتی مرۆڤێک نییە، مێژووکەی ئاوێتە بێت بە تێکۆشانێکی بێوچان، گلەیی کەسێک نییە لە منداڵییەوە گوێچکەی بە سروودەکانی ئەی رەقیب و نەورۆز و خوایە وەتەن ئاواکەی کرابێتەوە.
کەسمان نییە گلەیی و تێبینی و سەرنجمان لەسەر ئەو هەموو خواروخێچییانە نەبێت کە لە حوکمڕانیی هەرێمدا هەن، بەڵام هەمووشمان ژن و پیاو و کوڕ و کچ و گەنج و پیری وڵاتێکین،  لە سایەیدا دەژین، شاعیری گەورەش گورانی مەزن وتەنی لە بناری چیا و کەژیدا پەروەردەی کردووین. دەشێت و مافی خۆشمانە گلەییمان هەبێت، بەڵام با گلەیی و سەرنجەکانمان بۆ چاککردن و نەهێشتنی کەموکورتییەکان بێت. دەشێت گازاندە بکەین، بەڵام بۆ رێککردنەوەی رێڕەو و ئاراستەکان بێت. کوردستان موڵکی هەموومانە، بۆ هەموومانە، کەسمانی لێ زیاد نییە و ئێمەش ئەومان پێ زیاد نییە و پێکەوە نیشتمانی کوردستانین. ئەمانە قسەی زل و باق و بریق و هەڵخەڵەتێنەر نین، قسەی راستوڕەوان، واقیعن، دەبێت هەموومان لەناخی خۆماندا وا بیربکەینەوە.
لەم سات و سەردەمە قەیراناوییەدا، رێگەی راست و دروست ئەوەیە؛ گوێ لە قسە و قسەڵۆکی نەیاران و دوژمنان و بەرژەوندیی خوازەکان نەگرین، بە قسەی ئەم و ئەو کوردستانمان لەبەر چاو نەخەن، بە دروشمی هەندێک داخ لەدڵی خۆماڵی فریو نەخۆین. کوردستان هی هەموومانە و بۆ هەموومانە، دوژمن و نەیاران زەفەری پێ بەرن هەموومان زەرەرمەند دەبین و ئەوسا (وەتەن)ێک نامێنێت بڵێین خوایە ئاوای کەیت!

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP