سەردانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بەغدا: بەکارهێنانی کاریگەری سیاسی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی موچەکان

سۆران داودی
14:23 - 2025-07-16

سەردانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بەغدا: بەکارهێنانی کاریگەری سیاسی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی موچەکان

سۆران داوودی

لە هەنگاوێکی سیاسی ژیرانەدا  کە ڕوانینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پاراستنی پەیوەندییەکی ئەرێنی و بەهێز لەگەڵ بەغدا بەرجەستە دەکات ، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق،  سەردانەکە  لە یەککاتدا ڕەهەندی سیاسی و کارگێڕی لەخۆدەگرێت، ئەمەش تەنها دوای یەک ڕۆژ لە کۆبوونەوە دووقۆڵیەکەی  سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی و پارتی دیموکراتی کوردستان دێت، کە بە هەڵوێستێکی یەکدەنگی  پشتگیری لەم سەردانە دەکات.
 سەردانەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی بە شێوەیەکی سەرەکی سەبارەت دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی و دەستووری بۆ چارەسەری قەیرانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، ئەو قەیرانەی کە لە مانگەکانی ڕابردوودا یەکێکە لە بەرچاوترین ئەو ئاڵەنگارییانەی کە رووبەرووی حکومەتی هەرێم بووەتەوە، دوای ئەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ بەغدا گەیشتنە بنبەست و هەموو هەوڵەکانی پێشوو شکستیان هێنا .
 ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەغدا لە ساتێکی سیاسی هەستیاردا دێت دوای ئەوەی زۆر لە ناوەندەکان گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە چارەسەرە تەقلیدییەکان چیتر سوودیان نییە و پێویستە پەنا بۆ کەناڵەکانی سیاسی  ببرێن کە زیاتر کاریگەر و کاران.
جووڵەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی لەم چوارچێوەیەدا لێرەوەسەرچاوە دەگرێت، وەکو کەسایەتییەک کە هەژموونی سیاسی فراوانی لە بەغدادو پەیوەندیەکى کاریگەری لەگەڵ هێزە سەرەکییەکانی عیراقدا هەیە . بافڵ تاڵەبانی هەوڵ دەدات ئەم سەرمایە سیاسییە بخاتە خزمەتی موچەخۆرانی کوردستان و بەرژەوەندی گشتی بخاتە سەرووی هەر سودێکی حیزبیدا.
ئەوەی جێی سەرنجە  سەردانەکەی  بافڵ جەلال تاڵەبانی پشتگیری پارتی دیموکراتی کوردستانی بەدەستهێناوە، ئەمەش جۆرێک لە لێکتێگەیشتن لە نێوان هێزە کوردییەکاندا دەردەخات، ئەگەرچى ئەو لێکتێگەیشتنە بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت کە تەنها بۆ بابەتی موچەیە. ئەمەش پەیامێکە واتای ئەوەیە کە کوردستان لەگەڵ جیاوازی رەوتە سیاسییەکانی یەک ڕیز دەوەستن کاتێک کارەکە پەیوەندی بە مافەکانی هاوڵاتیانەوە هەبێت.
ئەم هەڵوێستە  بەروونی خواستی  تێپەڕاندنی ناکۆکییە نێوخۆییەکان دەخاتەڕوو هەروەها لەگەڵ بەغدادا لە دەروازەی بەرژەوەندی نیشتمانی هاوبەشەوە مامەڵە بکرێت  نەک لە سۆنگەی تەسکی حیزبی سنوورداردا.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە سیاسەتی کرانەوەو و دیالۆگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا بەباشتر زانیوە ، ئەمە ڕوانینێکە رونتر لەم  سەردانە بەرجەستە دەبێت  کە تەنها لە لایەنەکانی دارایی ناگرێتەخۆی،  بەڵکو بابەتی فراوانتر لەخۆدەگرێت کە پەیوەندیدارە بە جێبەجێکردنی دەستوور و دابەشکردنی دەسەڵات و زامنکردنی مافە دەستوورییەکانی هاوڵاتیانی هەرێم.
بەڵام  ئێستا زیاتر جەخت لەسەر موچەکان دەکرێتەوە، کە خواستى هاوڵاتیانە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی یاسایی بۆ ئەم بابەتە، کە دواتر ڕێگا  بۆ چارەسەرکردنی  بابەتە هەڵواسراوەکان تردا دەکاتەوە.
سەردانی بافڵ جەلال تالەبانی بۆ بەغدا جووڵەیەکی پرۆتۆکۆڵی کاتی نییە، بەڵکو ڕێبازێکی سیاسی دەخاتەڕوو کە لەو باوەڕەدایە  بەهێزبوونی  کوردستان لە جیابوونەوەیدا نییە، بەڵکو لە هاوبەشی هاوسەنگ دایە  لەگەڵ حکومەتی فیدرالیدا بە جۆرێک مافەکان پارێزراو بێت و هاوسەنگییەکان لەبەرچاو بگرێت، بە بێئەوەی هیچ لایەنێک دەست لە بنەماکانی بکشێنێتەوە.
ئەمەش هەوڵێکە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی متمانە لە نێوان دوو لایەن و چارەسەرکردنی یەکێک لە  بابەتە  زۆر بە پەلەکان لە شەقامی کوردی کە بەهۆى کاریگەری و سەنگى سیاسی  یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکەکەی لە بەغدا دەکرێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP