ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام کۆدەبنەوە

کوردستان
09:34 - 2025-07-14

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانى، هەردوو مەکتەبى سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتى دیموکراتی کوردستان لە پیرمام کۆدەبنەوە.
بەگوێرەى ئەو زانیارییەکان، لە کۆبوونەوە باڵاکەی ئەمڕۆ کە بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکى یەکێتى و مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى بەڕێوەدەچێت، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی هەردوو حیزب بەشداری دەکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و کێشەکانى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ دەکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ مەکتەبى سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانى کۆبووەوە و گفتوگۆ لەبارەى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى یەکێتى و پارتى کرا.
تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە کێشەى مووچەى هەرێمى کوردستان و گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکە.
دوایین کۆبوونەوەى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژى 21ـى ئایارى رابردوو لە هۆڵى سەعد عەبدوڵا لە هەولێر بەڕێوەچوو.

 لە کۆبوونەوەکەدا کە بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانى و هوشیار زێبارى بەڕێوەچوو، هەردوو شاندى دانوستانکارى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گفتوگۆیان کرد لەبارەى دابەشکردنى پۆستەکانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP