هەردوو شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی مووچە و نەوت لە گفتوگۆ بەردەوامن

کوردستان
09:54 - 2025-07-08

هەردوو شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی مووچە و نەوت لە گفتوگۆ بەردەوامن و هەرچەندە لە یەک نزیکن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی. بڕیارە ئەمڕۆ گفتوگۆکان بەردەوام بن و کۆبوونەوەی دیکە دەکرێن.

سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕاگەیاند: تاوەکو ئێستا هەردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، هەردوو شاند لە کۆبوونەوە و گفتوگۆ لە کۆبوونەوە بەردەوام دەبن و ئەمڕۆ پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی دیکە دەکەن.

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی هەفتانەی بەسەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بکات. کۆبوونەوەکە دوانیوەڕۆ دەکرێت. بەپیى کارنامەی کۆبوونەوەکە 41 بڕگە لەخۆدەگرێت، هەمووی پەیوەستە بە ناوخۆی عێراقەوە و باسی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستانی  تێدا نییە.

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا هیچ کات باسی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ناکرێت و پێشتریش نەکراوە، ئەگەر هەولێر و بەغدا تاوەکو ئەمڕۆ نیوەڕۆ بگەنە ڕێککەوتن و پێویست بێت باس بکرێت و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند بکرێت، بە دوو ڕێگا دەکرێت:

یەکەم: بە بڕگەیەک وەک پاشکۆ لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا زیاد دەکرێت. دووەم: سوودانی خۆی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە بباتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، دەوترێت هەندێکجار سوودانی ئەگەر بیەوێت بڕگەیەک زیاد بکات یان باسی بابەتێکی تر بکات بەدەر لە کارنامەکە، خۆی بە فایلێکی جیاواز لەگەڵ خۆیدا دەیبات بۆ کۆبوونەوە.

دووشەممە سێیەم گەڕی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوت و مووچە دەستیپێکرد و شاندی کوردستان جارێکی دیکە سەردانی بەغدای کرد. لە دوو هەفتەی ڕابردوودا جارێک شاند لە بەغداوە سەردانی هەولێری کردووە و دووجاریش شاندی کوردستان چووەتە بەغدا.

شاندی کوردستان پێکدێت لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان، عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان. شاندی عێراقیش پێکهاتووە لە بەڕێوەبەری نووسینگەی سوودانی، وەزیری نەوتی عێراق و بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP