لە هەناوی ئەو قەیرانە ئابورییە قووڵەدا کە هەرێمی کوردستانی تەنگەتاو کردووە، خەڵکی کوردستان ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بوونەتەوە و کاریگەری گەورەی لەسەر ژیان وگوزاەرانی تاکبەتاک، خێزان و کۆمەڵگا داناوە. ئەم قەیرانە کە پێنەدانی موچەی چەند مانگێکی موچەخۆرانی هەرێمی لێکەوتۆتەوە، لە ئەنجامی گرفتە سیاسیەکانی نێوان بەغداد و هەرێم و کەڵەکەبوونی کێشەکان و پەرتبوونی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان سەرچاوە دەگرێت.
وەک ئەوەی هەموان دەیزانن، هەرچەندە چەندین هەوڵ دراوە لە رابردوودا بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتانە، بەڵام دواجار بێ هیچ مژدەیەک خەڵکی هەرێمی کوردستان بوونە زەرەرمەندی سەرەکی. لەم دۆخەشدا، لایەنە سیاسیەکانی کوردستان گەیشتنە ئەو تێگەیشتنە بنەڕەتیەی کە پێویستە ماڵی خۆمان کۆبکەینەوە و هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوایەتیەکانمان یەکبخەین.
بەتایبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای ئەو کۆبوونەوە مێژوویەی نێوانیان کەبە سەرپەرشتی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەنگاوێکی گەورە و خەمخۆرانەیان نا لە پێناو ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستاندا. ئەم یەکهەڵوێستیە پێویستی بەوە هەیە کە پێکەوە بەیەک دەنگی ڕوو بکەینە بەغداد لە پێناو چارەسەرکردنی یەکجارەکی گرفتەکانی نێوان هەردوولا و کۆتایهێنان بەم نەهامەتیانەی کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتوە.
لە دواجاردا، سەرۆک بافڵ وەک نوێنەرایەتی هەموو کورد و وەک ئەرکێکی بەرپرسیارانە بەرەو بەغداد بەڕێکەوت و لە کورتترین ماوەدا توانرا زاڵبن بەسەر ئەو کێشە و گرفتانەدا کە زۆر دەمێکە بە هەڵسپێراوی ماونەتەوە و چارەسەرنەکراون. ئەمە هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ هەموو کوردێک کە زیاتر لە ٨٠ ڕۆژە گیرۆدەن بە دەست بێ موچەییەوە و ژیان و گوزەرانیان لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە.
ئەوەی کە گرنگە لەم دۆخەشدا، وەک نەریتێکی هەمیشەیی و بەرپرسیارانە بەرامبەر گەلەکەمان و بۆ پتەوکردن و بەهێزترکردنی پەیوەندیەکان و یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد، سەرۆک بافڵ بە هەستێکی کوردانە بە هەمان هەنگاو بە ڕێچکەی سەرۆک مام جەلال هەنگاوی گەورەی نا دوور لە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی خۆشگوزەران و ئارام و سەقامگیر بۆ گەلەکەمان و مسۆگەرکردنی موچەی موچەخۆران تا بە ئاسوودەیی و ژیانێکی پڕبەختەوەرییەوە ژیان بەڕێبکەن.
بۆیە بە یەکهەڵوێستی و پێکەوەیی دەتوانن زاڵبین بەسەر هەموو گرفت و کێشەکاندا، چونکە یەکهەڵوێستی کورد نەک تەنها ساڕێژی برینە مێژووییەکانە، بەڵکو دەبێتە بنەمای پتەوتر بۆ ئایندەیەکی ڕووناکتربۆگەلەکەمان
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP