قوباد تاڵەبانی: پێویستە هه‌رێم و به‌غدا بەیەکجاری ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن

کوردستان
21:34 - 2022-06-16



قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرۆسەی سیاسی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێکران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی پێنج شەممە 16ی حوزەیرانی 2022 بەڕێوەچو و کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەولێرئامادەی بوو، جێگری سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە ئەلینا رۆمانۆسکی کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق و هیوای خواست لە ماوەی کارکردنیدا ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لە بوارە جیاوازەکاندا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرا، قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە مەترسییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی عێراق رایگەیاند لایەنە عێراقییەکان پێویستە ڕەچاوی هەستیاری دۆخەکە بکەن و بە نەرمی نواندن و کەمکردنەوەی ئاستی داواکارییەکانیان ڕێگری بکەن لە تێکچوونی سەقامگیری عێراق. داواشیکرد وڵاتانی هاوپەیمان و دۆستانی عێراق ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕن لە نزیکردنەوەی بۆچوونی لایەنە عێراقییەکان.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا، جێگری سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە لەوەی پێویستە هەردوولا بەیەکجاری ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن و لەسەر هەموو بابەت و کەرتەکان رێککەون.

لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی ئەمریکا پشتگیری تەواوی ئەمریکای بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و جەختی کردەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا و ستایشی هەوڵەکانی جێگری سەرۆک وەزیرانیشی کرد بۆ بەگژداچوونەوەی توندوتیژی خێزانی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP