پێشێلكردنی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێم نابێت په‌رده‌پۆش بكرێت

کوردستان
15:27 - 2023-03-25


تادێت پێشێلکردنی مافه‌كانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوون دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە نوێترین راپۆرتیدا نیگەرانیی خۆی لەو بارودۆخە دەربڕیوە و دەڵێت: "دۆخی رۆژنامەنووسان و ئازادیی رادەربڕین لە ئاستێکی خراپدایە".

پێشتریش ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر هۆشداری به‌ حكومه‌تی هه‌رێم دابوو لەباره‌ی پاشه‌كشێی مافه‌كانی مرۆڤ و پێشێلكارییه‌كان و رایگه‌یاندبو: "ئه‌مریكا نیگه‌رانه‌ له‌ پاشه‌كشێی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادیی راده‌ربڕین له‌ به‌شێكی هه‌رێمی كوردستان" 

دەبێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، نەک پەردەپۆش بکرێن
لەو بارەیەوە گوڵستان سەعید جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA راگەیاندوه‌: "وەکو لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان درک بەوە دەکەین کە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ هەیە".
" گوڵستان سەعید دەڵێت: "ئەگەر راپۆرتێک لەسەر پێشێلکاری مافی مرۆڤ بڵاودەکرێتەوە مانای ئەوە نییە پەردەپۆش بکرێت، دەبێت چارەسەر بکرێت نەک رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەجیاتی دەزگای سەربەخۆی مافی مرۆڤ پاکانە بۆ ئەوە بکات کە مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پارێزراوە"

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆی کە سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاویکردووەتەوە، لە چەند بەشێکی راپۆرتەکەدا باس لە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەکات و باسی خراپیی دۆخی زیندانەکان و لێدان و ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوان دەکات لەگەڵ سزا نەدانی ئەوانەی پێشێلکاریی و توندوتیژییان ئەنجام داوە لەلایەن حکومەتەوە.

یاسا بۆ هەمووان وەک یەک جێبەجێ ناکرێت
لە هەرێمی کوردستان یاسا بۆ هەمووان وەک یەک جێبەجێ ناکرێت، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان باپەندبێت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا بۆ هەمووان وەکو یەک جێبەجێ بکات.

جێگری سەرۆکی لیژنەی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت: "یاسا بۆ هەمووان وەکو یەک جێبەجی ناکرێت و ئەو شوێنانەی کە تایبەتن بە گرتن و گواستنەوە لەرووی مرۆیی و تەندروستییەوە گونجاو نین".

ئاماژە بۆئەوەشكردوه‌: "مافی مرۆڤ  پارێزراو نیه‌، بۆیە گرنگە هەموو ئەو دەزگایانەی کە پەیوەندیدارن بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤەوە، بەپێێ رێککەوتننامە جیهانییەکان کە عیراق ئیمزای کردووە و هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە عیراق، دەبێت پابەندبێت بەوەی کە مافەکانی مرۆڤ بپارێزێت".

دەسەڵاتدارانی هەرێم بەردەوامبوون لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ
پێشتریش رێكخراوی چاودێریی مافه‌كانی مرۆڤ - هیومان رایتس وۆچ، راپۆرتی ساڵانه‌ی خۆی له‌باره‌ی ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ و پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر ئازادی راده‌ربڕین له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان له‌ ساڵی 2022 بڵاویكرده‌ووەتەوە‌ و رایگەیاندبوو: " "دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوون لە هەڕەشەکردن لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و لایەنگرانی کۆمەڵگەی مەدەنییان کردە ئامانج، سەرەڕای راگەیاندنی پلانێکی نوێی پێنج ساڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان."

هەر لەبارەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان بە PUKMEDIA ی راگەیاندبوو، راپۆرتەکە ۱٠٠٪ باس لە واقیعی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات، لەبەرئەوەی بەداخەوە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لەوپەڕی خراپی دایە و رۆژ بە رۆژ پێشێلکارییەکان زیاتر دەبێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP