قوباد تاڵەبانی: لە ئێستادا لێکتێگەیشتنی باش هەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

کوردستان
15:01 - 2023-05-19

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ڤیللە ڤاریۆلا باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسەکانی ژینگە و ریفۆرم لە دامەزراوەکانی هەرێم و چەند بابەتێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێکران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکاری و پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەتایبەتیش یەکێتی ئەوروپای کرد بۆ لێکنزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان هەم بۆ چارەسەکردنی کێشە ناوخۆییەکان و هەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. 

لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا لە ئێستادا لێکتێگەیشتنی باش هەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە جۆرێک کە لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندابێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر پرسی ژینگە و لێکەوتە مەترسیدارەکانی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان کرا. باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا ستایشی رۆڵی قوباد تاڵەبانی کرد لە گرنگیدانی بە پرسی ژینگە و راشیگەیاند یەکێتی ئەوروپا ئامادەیە هاوکاری هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بکات بۆ چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی کێشە ژینگەییەکان.
لەم چوارچێوەیەدا تاوتوێی چەند پلانێک کرا بۆ پێکەوەکارکردنی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ تا بە بەرنامەی هاوبەشەوە کاربکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ژینگەییەکان بەجۆرێک کە ئەم پرسە ببێتە ئەولەوییەتی سیاسەت لە عیراقدا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پرۆسەی ریفۆرم لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم کرا.

جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی یەکێتی ئەوروپای کرد لە ناردنی راوێژکار و پسپۆڕی ئابوری بۆ یارمەتیدانی حکومەتی هەرێم لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ریفۆرم.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا لەماوەی ساڵانی رابردوودا چاکسازییەکان قۆناغی باشی بڕیوە و گرنگترین هەنگاویش کە جێبەجێ کراوە ئەوەیە لە ئێستادا هەر فەرمانبەرێک خاوەنی ژمارەی کەسیی بێهاوتایە کە ئەم ژمارەیە بناغەی دروستکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنییە و هەروەها بنەمای سەرەکیشە بۆ دروستکردنی سیستمی بانکی پێشکەوتوو لە هەرێمی کوردستاندا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP